پارێزگاری هەولێر: بەمزوانە كەمپی دارەشەكران بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوا دەکرێتەوە
سەرەتا لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی رزگار مستەفا قایمقامی خەبات و سەرپەرشتیاری كەمپەكە و نوینەرانی كومسیۆنی باڵای كاروباری پەنابەران و رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئاژانسە خێرخوازەكانی نێو دەولەتی و بەرێوەبەرانی دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی پارێزگای هەولێر، باس لە بەرنامەی كاری پرۆژەكە و ئاستی جێبەجێكردن و ئامادەكارییەكانی كرا لە تێكرای بوارەكان و، پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە ستافەكانی جێبەجێكردن كردو هیوای خواست ئامادەكارییەكان تەواو بكرێت لەو بەشەی كە بەنیازن نزیكەی 500خێزان لەو ئاوارە پەرتەوازە بووانەی ناوشاری هەولێر بە شێوەیەكی خێراو دەستوبرد لەو كەمپە نیشتەجێ بكەن .
كەمپەكە بۆ لەخۆگرتنی پتر لە 3000خێزانە كە دەكاتە 15000كەس و رووبەرەكەی پتر لە 300دۆنم زەویە و هەر خێزانێك لەسەر رووبەری 90مەتری دووجا كە پێك دێت لە دەوارێكی نیشتەجێبوون و مەتبەخ و گەرماوو ئاودەستی سەربەخۆ و، هەموو خزمەتگوزارییەكیشی بۆ دابین دەكرێت لە كارەباو ئاوی خواردنەوەو تۆڕی ئاوەرۆی ئاسایی و قورس و شەقام و رێگەوبان و قوتابخانەو نەخۆشخانەو مزگەوت و خزمەتگوزارییەكانی تر و دەیان ئۆفیس و كۆگاو ماركێت و سەنتەری كار بۆ ئەوانەی توانای كاریان هەیە لە كارگەو دامەزراوەكانی ئەو سنوورە .
