نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له بریكاری وه‌زیرى ئابووريی ئه‌رمینیا كرد
له دیدارێكدا كه د. ڕۆژ نوورى شاوه‌یس جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدراڵ ئاماده‌ى بوو، بریكاری وه‌زیری ئابووريی ئه‌رمینیا خۆشحاڵيى خۆى بۆ ئه‌م سه‌ردانه ده‌ربڕى و سڵاو و ڕێزى سه‌رۆك وه‌زیران و جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى ووڵاته‌كه‌ى گه‌یانده سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و ڕايگه‌ياند كه ده‌توانن بناغه‌ى په‌یوه‌ندیيه‌كى تۆكمه له بوارى ئابوورى و بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان دابمه‌زرێنین.
دووپاتيشى كرده‌وه كه ئه‌رمینیا خوازیاره له چوارچێوه‌ى لیژنه‌ى هاوبه‌شى ئه‌رمینیا - عیراق بۆ چالاكیيه بازرگانى و ئابووریيه‌كان؛ زیاتر په‌ره به په‌یوه‌ندیيه‌كانى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان له بواره جیاجیاكاندا؛ بدات. هه‌روه‌ها تیشكى خسته سه‌ر میكانیزمى پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیيه‌كان و كردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تيی ئه‌رمینیا له هه‌رێمی كوردستان و كردنه‌وه‌ى هێڵى ئاسمانيى ڕاسته‌وخۆ له نێوان هه‌رێم و ئه‌رمینیادا.
لاى خۆيه‌وه نێچیرڤان بارزانى به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ڕايگه‌ياند حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له هه‌ر هه‌نگاوێك ده‌كات كه ببێته مایه‌ى فراوانكردنى زياترى په‌یوه‌ندیيه‌كان و پێشخستنى هه‌رێمى كوردستان له پێناو سوود و به‌رژه‌وه‌نديى هه‌ردوولادا. سه‌رۆك وه‌زیران هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له‌م هه‌نگاوه‌ى ئه‌رمینیا كرد و ئاماژه‌ى به‌وه دا كه حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به بایه‌خه‌وه ده‌ڕوانێته ئاینده‌ى په‌یوه‌ندیيه‌كان و به‌شداريكردنى حكوومه‌تى هه‌رێم له كاره‌كانى لیژنه‌ى هاوبه‌شيى ئه‌رمینیا - عیراق وه‌ك چوارچێوه‌یه‌ك بۆ چالاكيى ئابوورى و بازرگانيى نێوان هه‌ردوولا.
