مەكتەبی سیاسی یەكێتی: خزمەتگوزارییەکانی حكو ومەتی هەرێم کە پێشكەشی ئاوارەكانی كوردستانی رۆژئاوا دەکات، بەرز دەنرخێنین
سەرچاوەکە رایگەیاند : لەكەیسی پەیوەست بە هەڵبژاردنەكان، مەكتەبی سیاسی بەدواداچوونی بۆ خۆئامادەكردنەكانی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد. هەر لەو بارەوە بە وردی لەسەر مەسەلەی تۆماری دەنگدەران هەڵوەستەی كرد، كە بۆتە جێی نیگەرانیێكی زۆری لایەنە سیاسییەكان. بۆیە كۆبوونەوە دەزگا پەیوەندیی دارەكانی یەكێتی راسپارد كە هەموو هەنگاوێكی یاسایی بگرنەبەر بۆ یەكلاكردنەوەی ئەوكەم وكوریانەی لە تۆماری دەنگدەراندا هەن
لەبارەی هەڵبژاردن پارێزگاکانیش هەمان سەرچاوە رایگەیاند: مەكتەبی سیاسی تەئكیدی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاكانیش كردەوە و پێشی وابوو كە هاودەنگی و سازان سەبارەت بە ئەنجامدانی هەردوو هەڵبژاردنەكان پێكەوە دروست بكرێت و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش ئامادەكارییەكانی خۆی بۆ ئەو مەبەستە بكا.
لەمەڕ بارودۆخی کوردستانی رۆژئاوا و ئەو هەلومەرجەی هەنوکە روبەروی ئەم پارچەی کوردستان بۆتەوە ، سەرچاوەکەی یەکێتی گوتی: ئەو هێرشانەی بە توندی ئیدانە كرد كە هێندێ لایەنی توندڕەوی وەك بەرەی نوسرەو دەوڵەتی عیراق و شام لە سوریا، ماوەی دوو هەفتەیە دەستیان پێكردووە بۆ سەر شارو دێهات و ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان، ئەو گەڕەكانەش كە لە شارەكانی وەكو حەلەب كورد تیایاندا نیشتەجێن. لەو بارەوە كۆبوونەوە بڕوای وابوو ئیئتلافی سوریاو سوپای ئازادی سوریا، كە باڵی چەكداری ئۆپۆزسیۆنی ئەو وڵاتەیە، بەرپرسیارێتی خۆی وەئەستۆ بگرێت و هەڵوێستی خۆی لە دژی ئەو پەلامار و رەشەكوژیی و وێرانكارییە ئاشكرابكات و رابگەیەنێت، بە تایبەت كە تاوانی كۆمەڵكوژی لە دژی كوردانی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت و هاووڵاتیانی مەدەنیش وەك بارمتە بەكار دەهێنرێن. هەروا كۆبوونەوە بانگەواز ئەكا بۆ رێكخراوە پەیوەندیدارەكانی نێو دەوڵەتی، ئەوروپایی، عەرەبی و ئیسلامی، بە تایبەت بۆ كۆمكاری وڵاتانی عەرەب و كۆنگرەی ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەكە تا گەلی كوردستان و هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی شاروشارۆچكەكانی كوردستانی رۆژئاوا لە كوشت و بڕ و وێرانكاری بپارێزن. هەروەها گوتی:
یەکێتی ئەو هەوڵ و خزمەتگوزارییانەشی بەرزنرخاند كە حكومەتی هەرێم و رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی پێشكەش بە ئاوارەكانی كوردستانی رۆژئاوای دەكەن. وێڕای ئەوەش پێی وابوو كە پێویستە لایەنە بەرپرس و پەیوەندییدارەكان پتر بە پیر پێداویستییە ئینسانییەكانی ئەو ئاوارانەوە بچن.
