وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان لە بارەی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفالکردنی بارزانییەکان رەخنە لە پەرلەمانی عێراق دەگرێ

وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان لە بارەی بە جینۆساید ناساندنی ئەنفالکردنی بارزانییەکان رەخنە لە پەرلەمانی عێراق دەگرێ
1ی‌ ئاب/ ئۆگۆست (گوڵان میدیا)- وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکوومەتی کوردستان رەخنە لە پەرلەمانی عێراق دەگرێ بەوەی دوای دوو ساڵ ھێشتا تاوانی ئەنفالکردنی ٨ ھەزار بارزانی بە جینۆساد نە ناساندووە.

موحسین شێروانی سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی کەیسەکان لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا رایگەیاند: دوای بەڕێوەچوونی چەندین دانیشتن، لە دوا جاردا دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رۆژی ٣/٥/٢٠١١ تاوانی کۆمەڵگوژی و ئەنفاڵکردنی ٨ ھەزاری بارزانی بە جینۆساید ناساند.

ھەروەھا گوتی: لە ئێستادا زیاتر لە ٢ ساڵ بە سەر ئەو بڕیارەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق تێپەریوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق ئەو تاوانە گەورەیەی کە دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجامدراوەو بە یەکێک لە تاوانە گەورەکان لە دنیا دێتە ھەژمارکردن، بە جینۆساید نەناساندووە، بۆیە داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکەین تاوانی کۆمەڵگوژی و ئەنفاڵکردنی ٨ ھەزار بارزانی وەک تاوانەکانی دیکە بە جینۆساید بناسێنێ، ھاوکات داواش لە نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق دەکەین ئەو کەیسە کە تاوانێکی گەورەیە دژ بە مرۆڤایەتی بجولێنن و بە جینۆساید بێتە ناساندن.
Top