كۆمەڵ و یەكگرتوو بە كورسییەك رازی بوون
ئەمڕۆ لە بارەگای كۆمەڵ لە شاری سلێمانی، یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی كۆبوونەوەو تاووتوێی ئەو یەك نوێنەرەیان كرد كە لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بۆیان دیاریكراوە.
بۆ كۆبوونەوە ئامادەكارییەكە 5 كورسی بۆ باشووری كوردستان دیاریكراوە، بەجۆرێك پارتی، یەكێتی و گۆڕان هەریەكەیان كورسییەكیان دەبێت. كۆمەڵ و یەكگرتووش كورسییەك، هەروەها سەرجەم لایەنەكانی دیكەش بە نوێنەرێكی هاوبەش كورسییەكیان دەبێت.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا دوای كۆبوونەوەكەیان، كە بۆ هەریەك لە ئەبوبەكر عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكگرتوو و محەممەد حەكیم، گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی رێكخرا، رایانگەیاند كە ئەوان رێككەوتوون خەلیل ئیبراهیم لە یەكگرتووی ئیسلامی نوێنەرایەتی هەردوو لایان بكات لە كۆبوونەوەی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەی نەتەوەیی كورد.
لەماوەی رابردوودا كۆمەڵی ئیسلامی جەختی لەوە دەكردەوە، كە ئەگەر كورسی تایبەتیان نەبێت ئەوە كۆنگرەی نەتەوەیی كورد بایكۆت دەكەن، بەڵام وەك لە كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەدا ئاماژەیان بۆ كرد، \"ئەم هەوڵەمان بۆ ئەوەیە كە نەڵێن لایەنە ئیسلامییەكان هەوڵی پەكخستنی كۆنگرەكە دەدەن\"".
سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكانیش رایانگەیاند، كە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بەڕێوە بچن. ئاماژەشیان بەوە كرد كە تاوەكو ئێستا هیچ شتێكی فەرمییان لەلایەن كۆمیسیۆنەوە سەبارەت بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان پێنەگەیشتووە.
رووداو "
