نێچیرڤان بارزانی: چاكه و مه‌ردایه‌تیی خه‌ڵكی هه‌ولێر له‌بیر ناكرێت
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی یه، به‌بۆنه‌ی سی ساڵه‌ی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كانه‌وه
خه‌ڵكی نیشتیمانپه‌روه‌ری كوردستان،
كه‌سوكاری خۆڕاگری ئه‌نفالكراوان،
ئه‌مڕۆ 30 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ئه‌نفالكردنی 8000 پیاو و گه‌نجی بارزانیدا له ساڵی 1983، كه ڕژێمی عێراق له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا به شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه و سیسته‌ماتیك؛ ویستی بارزانییه‌كان له‌نێو ببات. ئه‌وه یه‌كه‌مین هه‌ڵمه‌تی گه‌وره‌ی جینۆساید‌كردن بوو كه ڕژێمی عێراق له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن‌دا له دژی نه‌ته‌وه‌ی كورد ئه‌نجامی دا، كه دواتر له پرۆسه‌ی گه‌وره‌ی ئه‌نفالدا به هه‌شت قۆناغ له ده‌ڤه‌ری جافایه‌تییه‌وه تاكو بادینان، 182هه‌زار مرۆڤی كوردی شوێن‌بزر و زینده‌به‌چاڵ كرد. هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر بارزانییهكانى هێنا، سه‌دام ئه‌وانیشی وه‌ك بارزانییه‌كان برده بیابانه‌كانی عێراق و زینده‌به‌چاڵی كردن .
ده‌ڤه‌ری بارزان به هۆی شۆڕش و سهرههڵدانهكانییهوه له‌پێناو ڕزگاریی كوردستاندا، له سه‌رده‌مه جیاجیاكاندا وێرانكردن، ڕاگواستن، نه‌فیكردن و تهلبهندكردنى ژن و منداڵ و پیرى به‌خۆوه بینیوه، به‌ڵام دڕندانه‌ترینیان ئه‌وه بوو كه سه‌دام حوسێن ئه‌نجامی دا. سه‌دام حوسێن، له ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كاندا مێردمنداڵ و گه‌نج و پیاوه‌كانی گرتن و زینده‌به‌چاڵی كردن، هه‌روه‌ها خۆراك و هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌كی له ماڵه بارزانییه‌كان بڕی، به شێوه‌یه‌ك كه بارزانیبوونی كرده تاوانێكی زۆر گه‌وره كه ڕه‌وایی ده‌دایه هه‌موو جۆره چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌و خێزانانه.
به‌ڵام دایكانی بارزانی، كچانی بارزانی كه بانگكردن و قسه‌كردن له‌گه‌ڵ باوك و برا و هاوسه‌ر و باپیر؛ له گفتوگۆی ڕۆژانه‌یاندا نه‌ما، ته‌نانه‌ت كه‌س نه‌بوو له‌نێو خۆیاندا مردوویه‌كیان بنێژێت و هیچ كارێك بكات كه له نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كورده‌واریدا كاری پیاوانه، وه‌ك شێره‌ژن ته‌حه‌ددای ئه‌نفالیان كرد و منداڵه‌كانی خۆیان سه‌ربه‌رزانه و به ڕووحییهتێكی كوردپه‌روه‌رانه په‌روه‌رده كردن. ڕاسته زۆر له‌و مندڵانه به هۆی هه‌ژاری و نه‌بوونی و چوونی دایكه‌كانیان بۆ كاری دروێنه و كۆكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مى كشتوكاڵی؛ تامی شیریان نه‌كردووه له كاتی كۆرپه‌ڵه‌یی و منداڵیی خۆیاندا، به‌ڵام فێری ئه‌وه كران كه سه‌ر دانه‌نوێنن بۆ ڕژێم و سه‌ختییه‌كانی ژیان ته‌حه‌ممول بكه‌ن. كورد پێویسته هه‌میشه شانازی به دایكانی بارزانی و هه‌موو دایكانی كه‌سوكار ئه‌نفالكراوه‌وه بكات كه چۆكیان بۆ دڕندانه‌ترین هه‌ڵمه‌ته‌كانی جینۆساید‌كردن دانه‌نواند، ئه‌وانه ناسنامه و شه‌ره‌فی نیشتیمانیی كوردیان پاراست.
له‌و كاتدا كه بارزانیبوون و ته‌عامولكردن و هاوكاریكردن له‌گه‌ڵ خێزانه بارزانییه‌كان قه‌ده‌غه بوو، خه‌ڵكی هه‌ولێری خۆشه‌ویست گه‌وره‌ترین داستانی مه‌ردایه‌تی و كوردپه‌روه‌ری و مرۆڤانه‌ی تۆمار كرد. به ڕاستی چاكه و مه‌ردایه‌تیی خه‌ڵكی هه‌ولێر قه‌ت له‌بیر ناكرێت و هه‌ولێر قه‌ڵای مه‌ردایه‌تییه. خه‌ڵكی هه‌میشه خێرخواز و نیشتیمانپه‌روه‌ری هه‌ولێر، به ئیمانی گه‌وره‌ی به حه‌ق و حهقپهروهری، یارمه‌تیی ئه‌و خێزانه بارزانیانه‌ی ده‌دا، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن خۆڕاگری بنوێنن و به سه‌ربه‌رزی بژین و سه‌ر دانه‌نوێنن. هه‌ریه‌ك له‌و دایكانه‌ی كه‌سوكار ئه‌نفالكراوی بارزانی زۆر چیرۆكی سه‌رنجڕاكێشیان هه‌ن له‌باره‌ی یارمه‌تیدانی خه‌ڵكی هه‌ولێر و هاوكاریی خه‌ڵكی ناوچه‌كانى پارێزگای هه‌ولێر له‌گه‌ڵیاندا. ئه‌و هاوكارییه نه‌ك هه‌ر له‌بیر ناچێته‌وه، به‌ڵكو هه‌میشه له ویژدانی ئێمه‌دا زیندووه، چونكه ئه‌و چیرۆكانه گیانی یه‌ك نه‌ته‌وه‌بوون و كوردستانیبوونیان به‌هێز كردووه، ئێستاش ئیلهامبه‌خشن بۆ یه‌كبوون و هاوكاری له كوردستاندا. ئه‌مڕۆش هه‌ولێر هێزێكی گه‌وره و سه‌ره‌كی ده‌به‌خشێته پێكه‌وه‌بوون و یه‌كبوون له نێوان هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد و هه‌موو گه‌لی كوردستاندا. ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان نه‌ك نه‌ته‌وه‌ی كوردی بێهێز نه‌كرد، به‌ڵكو هه‌ولێرییه‌كان وایانكرد ببێته هۆی به‌هێزكردنی گیانی هاوكاریی نیشیمانی و خۆڕاگریی نیشتیمانی و ئیمان به‌هێزبوون به سه‌ركه‌وتن و كۆڵنه‌دان. ئه‌مڕۆ هه‌موو گه‌نجانی بارزانی كه ئه‌وكات كۆرپهڵهی ساوا بوون، به‌هۆی ئه‌و چیرۆكانه‌ی دایكه‌كانیان بۆ ئه‌وانیان گێڕاوه‌ته‌وه، ئه‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستییان هه‌یه بۆ هه‌ولێر، توندترین و به‌هێزترین ئیلتیزمیان هه‌یه به هه‌ولێره‌وه، زۆر شانازی به هه‌ولێریبوونی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن .
دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق، له ساڵی 2011دا ، بڕیاری دا كه تاوانی ئه‌نفالكردنی بارزانییه‌كان جینۆساید بووه، به‌ڵام تا ئێستا حكوومه‌تی فیدرالیی عێراق، ئه‌و بڕیاره‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه كه حه‌قی كه‌سیی كه‌سوكاری ئه‌وانه‌ی جینۆساید كراون بدات، بۆیه لێره‌دا جارێكی دیكه داوا له حكوومه‌تی عێراق ده‌كه‌ین، ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق جێبه‌جێ بكات و حه‌قی كه‌سیی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوانی بارزانی و گه‌رمیان و هه‌ڵه‌بجه و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان بدات، وه‌ك كه‌مترین ئه‌ركی خۆی به‌رامبه‌ر كه‌سوكاری ئه‌و قوربانیانه .
نه‌مری بۆ شه‌هیدان و سه‌ربه‌رزی بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و خه‌ڵكی خۆڕاگری كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
31/7/2013"
