فەریق جەبار یاوەر : زیادبوونی كردەوە تیرۆرستییەكان بۆ نەبوونی هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان دەگەرێتەوە

فەریق جەبار یاوەر : زیادبوونی كردەوە تیرۆرستییەكان بۆ نەبوونی هەماهەنگی هێزە ئەمنییەكان دەگەرێتەوە
لەکاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەی \"هێڵی گەرم \""ی كەناڵی ئاسمانی زاگرۆسدا، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هاوكات ئەندام و گوتەبێژی هَیزەكانی پاراستنی هەرێم و ئەندامی لیژنەی باڵای (سەربازی و پێشمەرگە)یە، تیشكی خستە سەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا وچەندین تەوەری سەربازی.

هەر لەو چاوپێكەوتنەدا، فەریق جەبار یاوەر، رایگەیاند \"" ئەو كارە تیرۆرستییانەی كە رۆژانە هاوولاتیانی بێ تاوان دەكاتە ئامانج، پەیوەندی بە نەبوونی هەماهەنگی هاوبەش لەنێوان دام دەزگاكانی پێشمەرگە، پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگری هەرێم لەگەڵ دام و دەزگاكانی سوپا، پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگری حكومەتی فیدراڵی عێراقەوە هەیە. هەموو ئەمانە بۆشاییەكی ئەمنی گەورەیان دروستكردووە و تیرۆرستانیش سوود لەم بۆشاییە وەردەگرن.

سەبارەت بە كارو چالاكییەكانی لیژنەكان، فەریق جەبار یاوەر مەندە، دەڵێت\"" ئەو شەش لیژنەیەی كە دروستكراوە دوانیان پەیوەندی بە مەسەلەی ئەمنی و سەربازییەوە هەیە كە یەكێكیان لیژنەی ئەمنییە لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدراڵی عێراق و دام و دەزگای ئاسایشی هەرێم و دام و دەزگای ئاسایشی حكومەتی فیدراڵی عێراق. لیژنەكەی تریشیان سەربازیی و پێشمەرگەیە لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق ، ئەگەر بێتوو ئەمانە هەموویان پێكەوە كار بكەن و هاوكاری یەكتر بكەن لە رووی پرۆسەی كاری هاوبەش و كردەی سەربازی و پێشمەرگەی هاوبەش و كردەی هەواڵگری هاوبەش و كردەی ئاسایش و كاری پۆلیسی هاوبەش، ئەوە هەماهەنگی لە نیۆانیاندا دروست دەبێت، بەلام ئێستا هیچ هاوكارییەك و هەماهەنگییەك نیە بۆیە بۆشاییەكی گەورە لە رووی ئەمنییەوە دروست بووە و تیرۆرستانیش ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە و كاری تیرۆرستی ئەنجام ئەدەن.

جەبار یاوەر، گوتی :\"" ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە كار بۆ پاراستنی ماڵ و حاڵی هاوولاتیان و پاراستنی گیانیان بە كورد و عەرەب و توركمانەوە دەكەین. ئەگەر بێتوو ئەو ناوچانە هێمن بن ئەوا هەرێمی كوردستانیش هێمن دەبێت، چونكە ئەوان بەشێكن لە هەرێم ، ئێستاش پلانی ئەمنی خۆمان ئەنجام داوە و هێزی پێشمەرگەمان بۆ ئەو ناوچانە ناردووە و لەوێ جێگیركراون، بەلام چونكە دام و دەزگاكەن هەمەجۆرن ناتوانین بە تەواوی پلانی خۆمان ئەنجام بدەین، هەر ئەمەش وایكردووە كردوەی تیرۆرستی لە ناوچەكانی نێوان (كەركوك – سەڵاحەدین ) و (كەركوك – دیالە) و سەلاحەدین – دیالە) روو لە زیادبوون بكەن ، ئەمە سەرەرای ئەوەی كە ئەو ناوچانە ناوچەیەكی كراوەن بە رووی تیرۆرستاندا و ناكۆكی سیاسیش تێیدا هەیە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەشكرد ، ئێستا پێویستە دام و دەزگا ئەمنییەكانی عێراق و دەزگا هەواڵگرییەكانی عێراق توندوتۆڵتر بكرێن لەگەڵ كاری سەربازی هێزە سەربازییەكاندا، هەروەها هەماهەنگییەكی زۆر گەورە لەنێوان هەموو هێزە ئەمنییەكانی حكومەتی فیدراڵی عێراق و حكومەتی هەرێم بكرێت ."
Top