بارەگایەكی پەیەدە لە گەڕەكی مەنسوورەی شاری حەسەكە تەقێنرایەوە

بارەگایەكی پەیەدە لە گەڕەكی مەنسوورەی شاری حەسەكە تەقێنرایەوە
30ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- چالاكوانانی مافی مرۆڤ لە سووریا رایانگەیاند رۆژی دوو شەممە پەنجا و شەش كەس بە گوللەی هێزەكانی رژێم لە پارێزگە جیاجیاكانی سووریا كوژران. وەك راگەیەنراوە زۆربەی كوژراوەكان خەڵكی شاری دیمەشق و پارێزگەی ریف دیمەشق بوون. لەلایەكی دیكەوە كەناڵی سكانی نیوز عەرەبییە بڵاوی كردەوە كە بارەگای پەیەدە لە گەڕەكی مەنسوورەی شاری حەسەكە تەقینرایەوە بێ ئەوەی زانیاری زۆرتر روون بكاتەوە. لە رووی مەیدانییەوە تەلەڤزیۆنی فەرمی رژێم كۆنترۆڵ كردنی تەواوی گەڕەكی خالدییەی لە شاری حمس لەلایەن هێزەكانی رژێمەوە راگەیاند بەڵام چالاكوانان روونیان كردەوە كە هێشتە لە گەڕەكەكە شەڕوپێكدادان لە نێوان هەردوو لادا بەردەوامە. هاوكات هێزەكانی رژێم گەڕەكە گەمارۆدراوەكانی حمسیان بە مووشەكی زەمین بە زەمین بۆردومان كردو چەند بۆمبێك بەر گەڕەكی وەعر كەوتن جگە لەوەی هێزەكانی رژێم شاری تەلبیسەو حۆلەیان لە هەمان پارێزگە بۆردومان كرد. لە دیمەشقیش هێزەكانی رژێم ئۆردوگەی یەرمووكیان بۆردومان كرد و بە مووشەكیش گەڕەكی قابوون و جۆبەرو عەربین و حەجەر ئەسود لە دیمەشق و مەعزەمیەتول شام و شارەكانی غۆتەی رۆژهەڵاتیان لە ریف دیمەشق بۆردومان كرد. جگە لەوەیش شەرَوپێكدادان لە گەڕەكی تشرین و جۆبەرو قابوون لە نێوان هەردوو لادا درێژەی هەبوو. لە پارێزگەی قونەیترەیش هێزەكانی رژێم شارۆچكەی خان ئەرنەبەیان بۆردومان كردو شەڕوپێكدادانیش لە نێوان هەردوو لادا لە گوندی جوبا لە باشووری پارێزگەكە رووی دا. لە دەرعاش هێزەكانی رژێم شاری حاڕەو شارۆچكەی نەعیمەو لە رۆژئاوای شاری رەقەیش گوندی سەلوومیان بە بەرمیلی پڕ تی ئێن تی بۆردومان كرد. لە دیرالزوریش شەڕوپێكدادان لە گەڕەكەكانی جوبەیلەو حەویقە درێژەی هەبوو لەكاتێكدا هێزەكانی رژێم هەردوو گەڕەكی حەمیدییەو عورفییان بە تۆپی قورس بۆردومان كردو فڕۆكەیەكی رژێمیش شاری ئەلبوكەمالی لە هەمان پارێزگە بەر مووشەك دا.
Top