ئەگەری رەتكردنەوەی چەند كاندیدێكی هەندێ قەوارەی سیاسی لە ئارادایە

ئەگەری رەتكردنەوەی چەند كاندیدێكی هەندێ قەوارەی سیاسی لە ئارادایە
28ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- لە رۆژی 20 ی ئەم مانگە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆتایی هێنا بە وەرگرتنی لیستی كاندیدی قەوارە سیاسییە بەشداربووەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە وابڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و لەورۆژەوە تاوەكو ئێستا و چەند رۆژێكی تریش لیژنەی پسپۆڕ و تایبەتی كۆمسیۆن سەرقاڵی پێداچوونەوەو بەدواداچوونی سەرجەم ناوی كاندیدەكان و سەرچاوەیەكیش لە كۆمسیۆن دەڵێت ئەگەری ئەوە هەیە چەند ناوێك لە لیستەكان بەهۆی نەبوونی مەرجی تەواوی كۆمسیۆن و چەند خاڵێكی رابردوویان رەتبكرێنەوە.

عەبدولرەحمان خەلیفە بەرپرسی پەیوەندیە جەماوەریەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆkdp.infoگوتی: ئێستا كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سەرقاڵی وردبینی كردنی سەرجەم ناوی كاندیدی قەوارە سیاسیەكانە بۆ دڵنیابوون لە هەبوون و نەبوونی مەرجە یاساییەكان كە بەشێكی وردبینیەكە بەهاوكاری لەگەڵ وەزارەتی ناوەخۆ ئەنجام دەدرێت ئەمەش بۆ وەرگرتنی زانیاری تەواو لەسەر ئەگەری هەبوونی داوای یاسایی لەسەر هەر ناوێك یاخو بوونی هەر حاڵەتێكی سەرپێچی و نایاسایی و بەندكردن بەڵام مەرج نییە هەموو جۆرە بەندكردنێك یاخود داوایەكی یاسایی ببێتە هۆی رەتكردنەوەی ناوێك.

خەلیفە گوتیشی: ئەگەر رەتكردنەوەی چەند ناوێك لە ئارادایە بەڵام تاوەكو ئێستا بابەتەكە یەكلایی نەبۆتەوە چونكە پێویستی بەدڵنیابوون و دووپاتكردنەوەی زانیاریەكان .

ناوبراو گوتیشی: پرۆسەی وردبینی كردنەكە لەرۆژی 20 ی ئەم مانگەوە دەستی پێكردووەو ماوەی هەشت رۆژ تەرخانكراوە بۆ تەواوكردنی كارەكان بەڵام دوای ئەوەش لیستێكی گشتگیر ئامادە دەكرێت و پێشكەش بە ئەنجومەنی كۆمسیاران دەكرێت بۆ ئەوەی ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە رێوشوێنە یاساییەكانی تر جێبەجێ بكەن دواتر بڕیارێك دەردەكرێت و سەرجەم زانیاریەكان لەبارەی پەسەندكردن و رەتكردنەوەی ناوی كاندیدەكان لەرێگەی راگەیاندنەكانەوە ئاشكرا دەكرێت.
Top