بارزانی داوا دەکات لایەنەکان وەک نوێنەری نەتەوەی کورد کار بکەن نەک وەک نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان
لەو کۆبوونەوەیەدا کە بەمەبەستی ئاگادار کردنەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە قۆناخە سەرەتاییەکانی کاری کۆمیتەی ئامادەکاری ئەنجام درا، سەرۆک بارزانی داوای لە ھەموو لایەنەکان کرد کە وەک نوێنەری نەتەوەی کورد کار بکەن نەک وەک نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکان.
سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە دەبێ بەرژەوەندیی کورد بکەنە بنەمای کارکردنیان و ھەموویان پێکەوە وەک یەک تیم کار بکەن و کەس ھەوڵ نەدات ھەژموون و ئەجێندای حزبەکەی بەسەر کاری کۆمیتەکەدا بسەپێنێ.
سەرۆک بارزانی پاڵپشتیی خۆی و دامەزراوەی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەموو ھەنگاو و قۆناخەکانی بەستنی کۆنگرە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە ڕۆڵی جەنابیان کۆکردنەوە و کارئاسانی و پشتیوانیی سەرخستنی کاری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردە و دەبێ کۆمیتەی ئامادەکار و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لە گفتوگۆی بەردەوامدا بن بۆ سەرخستنی کۆنگرەکە.
لە تەوەرێکی دیکەی دانیشتنەکەدا ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاریی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد کە لەم کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوون ڕا و بۆچوون و پێشنیارەکانی خۆیان لەبارەی لایەنە تەکنیکییەکانی کۆنگرەکە خستەڕوو و لەسەر ئەوە ھاوڕا بوون کە پێویستە ئامانجی ھەموو لایەک سەرخستنی کۆنگرەکە بێت و نابێ ھیچ لایەنێک ڕێگە بەخۆی بدات کۆسپ و تەگەرە بۆ کاروباری کۆنگرە درووست بکات، چونکە ھەموو کورد و دۆستانی کورد لە سەرانسەری جیھان چاوەڕوانی ئەو ھەنگاوە مێژووییەن کە لایەنە سیاسییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە پێناو بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد دەستیان پێکردووە.
ئەندامانی کۆمیتەی ئامادەکاری ئەوەیان دووپات کردەوە کە کۆمیتەکە تەنیا کاری تەکنیکی و ئیداری دەکات بۆ چۆنییەتیی بەستنی کۆنگرەکە، نەک بڕیاری سیاسیی لەسەر ئەرک و تەوەر و بڕیارەکانی کۆنگرە بدات، بۆیە ھەموولایەک داوایان کرد سەرجەم لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان وەک تیمێک کار بکەن و لە ئێستاوە کۆسپ بۆ سەرخستنی کۆنگرەکە دروست نەکەن. ھەروەھا ھەموو لایەک دڵنیاییان دا بە سەرۆک بارزانی کە کارەکانی سەرخستنی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەردەوام دەبێت.
