لە سلێمان بەگ 14شوفێری بارھەڵگر لەلایەن گروپێکی تیرۆرستی دەکوژرێن

لە سلێمان بەگ 14شوفێری بارھەڵگر لەلایەن گروپێکی تیرۆرستی دەکوژرێن
شەوی رابردوو لەنزیک ناحیەی سلێمان بەگ گروپێکی تیرۆرستی کەمینێک لە سەر رێگا دادەنێن وچواردە شوفێری بارھەڵگر دەستگیر دەکەن و دەیانکوژن.

لەمبارەیەوە محەمەد مەلا ئیسماعیل بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو بەkdp.infoراگەیاند: شەوی رابردوو گروپێکی تیرۆرستی ھێرشیان بۆ سەر ناحیەی سلێمان بەگ کرودوە و توانیویانە ئەو ناحیە کۆنترۆڵ بکەن و لە ئەنجامی ئەو شەرەش تەنھا کەسێک برینداربووە.

محەمەد مەلا ئیسماعیل گوتیشی: ھەر شەوی رابردوو لەسەر رێگای کەرکووک_بەغدا و لەنزیک ناحیەی سلێمان بەگ ئەو گروپە تیرۆرستە کەمینێکیان داناوە و 14شوفێری بارھەڵگریان دەستگیرکردووە و کوشتویانە.

مەلا ئیسماعیل رونیشیکردەوە، ئەو شوفێرانە زۆرینەیان شیعە مەزھەبن و خەڵکی پارێزگاکانی بەغدا و ناسریەن.

بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوزخورماتوو ئاماژەی بەوەشکرد، ناحیەی سلێمان بەگ دانیشتوانەکەی سونەیە و کەم شەو ھەیە ئەم ناحیەیە لە دەست ھێزە ئەمنییەکان دابێت و بەردەوام لەدەست تیرۆرستان دایە و خەڵکەکەشی بێدەنگی دەنوێنن و ھێزە ئەمنییەکانیش ناتوانن ھاتوو چۆ بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستە سلێمان بەگ کەوتۆتەوە دەست ھێزە ئەمنییەکان و شەرەکە کۆتایی پێھاتووە و رەوشەکە ئارام بۆتەوە.
Top