وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بەندینخانەی چاكسازی گەورانی هەولێر بەسەردەكاتەوە
لەو بەسەركردنەوە مەیدانییەدا بۆ بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی هەولێر كە هەریەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی چاكسازی كۆمەڵایەتی ئامادەیبوون، ئاسۆس نەجیب وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەگەڵ ستافی بنكەی چاكسازی گەورانی هەولێر كۆبۆوە بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەرەوشی بەندكراوان بەشێوەیەكی گشتی و بارودۆخی زیندانەكان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی بۆ هەریەك لە بەندكراوان تا ماوەی حوكمەكەیان تەواو دەكەن.
وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند بۆ باشكردنی رەوشی بنكە چاكسازییەكانی كوردستان و پەیرەوكردنی بنەماكانی چاكسازی كۆمەڵایەتی لەبنكەكاندا، وەزارەت لەهەوڵەكانیدا بەردەوامە لەو چوارچێوەیەشدا دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی هەولێر و سلێمانی لەقۆناغی جێبەجێ كردندایە و پێش كۆتایی ئەمساڵ هەردوو بنكەی چاكسازی گەورانی هەولێر و سلێمانی تەواودەبێت، بەمەش رەوشی بنكە چاكسازییەكان پێشكەوتنی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان باشتر دەبێت بەشێوەیەك هاوتای پێوەرو بنەما جیهانییەكان بێت.
هەر لە بەسەركردنەوەی چاكسازی گەورانی هەولێر وەزیری كار بەش و هۆڵەكانی بنكەكەی بەسەركردەوەو لەگەڵ داواكاری گشتی و پزیشك و فەرمانبەران و هێزی جێبەجێ كاری چاكسازی هەولێر گفتوگۆی كرد لەبارەی چۆنیەتی ئیش و كاری رۆژانەو چۆنیەتی هەڵسوكەوت كردن لە زیندانیان و پێشكەشكردن و ئەنجامدانی مامەڵەی دروست لەگەڵ هەریەك لە بەندكراوان.
جێگەی ئاماژە بۆ كردنە بەپێی ئامارێكی رەسمی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی لەئێستادا (2328) زیندانی لەبنكە چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان ماوەی حوكمەكەیان بەسەردەبەن، بەشێوەیەك لەهەولێر (665) سزادراوی پیاو ژن و منداڵ هەیە هەروەها لەسلێمانی (997) سزادراوی پیاو ژن و منداڵ حوكمدراوون و لەدهۆكیش (666) سزادراوی پیاو ژن و منداڵ ماوەی حوكمەكەیان بەسەردەبەن.
