ئیحسان عەوادی پەرلەمانتاری عیراق لە لیستی دەوڵەتی یاسا:دیدارەكانی نێوان هەولێرو بەغدا جارێكی دیكە گەشبینی بە پرۆسەی سیاسیی عیراق دایەوە
لە لێدوانێكی تایبەت بە (گوڵان) سەبارەت بە دیدارەكانی ئەم دواییەی بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عیراقی فیدرال و كاریگەرییان بۆ گەڕاندنەوەی رێڕەوی پرۆسەی سیاسی بە ئاراستە دروستەكەی رایگەیاند :چەندین خاڵی ناكۆكی لە تێوان بەغداو هەولێر سەری هەڵدابوو كە كار گەیشتە ئەوەی بیر لە رێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەركردنیان بكرێتەوە،كە بە سەردانی بەڕێز مالكی سەرۆك وەزیران بۆ هەولێر دەستی پێكرد كە لەوێ سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی فیدرالی كرد، دواتر سەردانی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی بەدواداهات،كە بزاوتێكی گرنگیی كاری سیاسی لێكەوتەوە ئەویش بە دانانی رێگەچارە بۆ ئەو كێشە هەڵپەسێردراوانەی كە مایەی ململانێی نێوان هەردوولا بوون،ئەو كێشانەش بریتی بوون لە پرسی نەوت و چۆنێتیی بەڕێوەبردن و كرێی كۆمپانیا نەوتییەكان و پرسی پێشمەرگەو مووچەكانیان و بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانەی كە ناكۆكییان لەسەر بووە،دیارە ئەو هەموو كێشانەش بە شێوازێكی ئیجابی و لە رێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن رێگەچارەیان بۆ دەست نیشانكرا، هەروەها ئەو لیژنانەی بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنران تا ئێستاش ئیش و كاری خۆیان بە رێكوپێكی بەڕێوەدەبەن،هەر ئەمەش بوو بەستەڵەكی دابڕانی نێوانیانی تواندەوە بە ئاراستەی چارەسەركردنی هەموو كێشەكان لە داهاتوودا.سەبارەت بە بوونی دەنگۆی ئەوەی كە هەریەك لە بەڕێز سەرۆكی هەرێم جارێكی دیكە سەردانی بەغدا بكاتەوە و بەڕێز نوری مالكیش بێتەوە هەولێر، روونی كردەوە كە سەردان خۆی لە خۆیدا شتێكی گرنگەو هەنگاوێكی چاكیشە بۆ لەیەك نزیككردنەوەی بیرو بۆچوونەكان و ئەو پێشنیارانەی كە لیژنەكان بەرزی دەكەنەوە، نەك تەنیا بۆ دیدارو سڵاو لێككردن،چونكە لە میانی سەردانەكاندا هەموو ئەو خاڵانەی پێشنیاركراون لە نێوان ئەو دوو بەرپرسە گەورەیە دەخرێنە بەرباس و بەرەو چارەسەر هەنگاوی بۆ دەهاویژرێت.سەبارەت بەورێكەوتننامەو بەڵێن و گوفتارانەی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئیمزاكراون لەوانەش رێكەوتنی هەولێر و پێشتریش دیداری زۆر بەم ئاراستەیە كراوەو بەڵام ناوەڕۆك و هیچ لە خاڵەكانی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ نەكراون، ئەو پێیوابوو كە دروستكردنی متمانەی هاوبەش و بڕوابوون بە رۆحی كێشەكان و پابەندبوون بە بەڵێنەكان لە پێشەوەی هەموو شتێكەوەن، راستە خاڵی ناكۆكی هەیە لە هەموو پرسێكدا، بەڵام بوونی نیازپاكی و متمانە فاكتەری سەرەكیی سەركەوتنی هەموو رێككەوتن و گفتۆكۆیەكە.ئیحسان عەوادی دەربارەی نزیك بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكان كە هۆكارە بۆ لەیەكنزیك بوونەوەی هەردوولا گوتی:- راستە هەڵبژاردن شتێكی گرنگە بۆ هەموو پێكهاتەو لایەنە سیاسییەكان، كوردیش لایەنێكی سەرەكییە لە عیراق و ئێستا پشكی سەرۆك كۆماری بە دەستەوەیە،هەر چەندە جەنابی سەرۆك كۆمار لێرە نییە، بەڵام كورد ئەو پێكهاتەیەیە كە پێویستە بۆ ئاییندەی ئەم وڵاتە پرسیان پێبكرێت و راوبۆچوونیان لەبەرچاو بگیرێت،بۆیە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانیی داهاتوو هەنگاوێكی گرنكە بۆ پێداچوونەوە بە خاڵەكان و زیاتر ئاشنابوون بە ناكۆكییەكان تاكو بتوانرێت بە هەوڵی هەموو لایەك كۆتایی بەو قەیرانەی عیراق بهێنرێت.لە كۆتاییدا لەوباوەڕەدابوو كە پەیوەندییەكانی نێوان هاوپەیمانیی كوردستانی و هاوپەیمانی نیشتمانی خاڵی سەرەكی ئەم پرۆسەیەیە، راستە ناكۆكییەكان هەندێ جار توند دەبن و جاری وایە خاودەبنەوە،بۆیە بوونی پەیوەندیی بەهێز لە نێوان هەردوو هاوپەیمانێتییەكە فاكتەرێكی گرنگە بۆ بەلاوەنانی هەموو ئاستەنگ و لەمپەرەكانی بەردەمیان و پرۆسەی سیاسیی عیراقیش دەبووژێنێتەوە،هەروەها بەهێزكردنی شەراكەت و راشكاویی هەنگاوێكی دروستە بۆ زامنكردنی ئەمن و ئاساییش و قووڵكردنەوەی تەبایی و پێكەوەژیان لە نێوان هەردوولا.
