دووزخورماتوو.. لایەنی تورکمانی داوای کشانەوی ھێزی پێشمەرگە و پێکھێنانی ھێزێکی تایبەت بەخۆیان دەکەن
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەیانی ئەمرۆ بە ئامادەبوونی قایمقام و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارۆچکەی دووزخورماتوو بەرێوەچوو و تایبەت بوو بە بارۆدخی دووزخورماتوو لە ھەموو ڕوویەکەوە و بە تایبەت لە ڕووی ئەمنی و خزمەتگوزارییەوە، ھەر لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، کوتلەی تورکمانی پارێزگاکە بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و دواتر لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی دەست ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێر کەوتووە ناڕەزایی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند، پێویستە ھێزی پێشمەرگە لەشارۆچکەی دووزخورماتوو بکشێتەوە، چونکە شارۆچکەکە سەر بە حکومەتی ناوەندە نەک ھەرێمی کوردستان.
ھەروەھا داوای پێکھێنانی ھێزێکی تایبەت بە نەتەوەی تورکمانیان کرد لە سنوورەکەدا.
لە پاش کوتایی ھاتنی کۆبوونەوەکەش ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین لە بەیاننامەیەکدا چەند بریارێکی گرنگی ڕاگەیاند کە بریتی بوون لە:
- ڕەتکردنەوەی پێکھێنانی ھێزێکی سەحوەی تایبەت بەنەتەوەی تورکمان چونکە دەبێتە ھۆی کێشەو خراپبوونی باردۆخەکە، ھاوکات داواکاری بەپارێزگاکردنی خورماتووش ڕەتکرایەوە بەھۆی بوونی بەربەستی یاسای و بەپێویست زانرا کێشەی شارۆچکەکە لەڕیگەی جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠وە بێت.
- ڕەتکردنەوەی فەرماندەی ئۆپەراسیونەکانی دیجلە کە بۆتە ھۆی خراپبوونی بارودۆخی ناوچەکە و پێکھێنانی فەرماندەیی ئۆپەراسیونەکانی سەڵاحەدین کە سەرجەم پێکھاتەکان بەبێ جیاوازی لەخۆبگرێت.
- ڕێگەگرتن لەدامەزراندنی فەرمانبەران لەلایەن وەزارەتەکانەوە، کە بۆ یەک نەتەوەی دیاریکراوە.
- پێکھینانی فەوجێکی ھێزی ئامادە لەنەتەوەکانی قەزاکە و زیادکردنی پێنچ ملیاردینار بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە لەخورماتوودا.
بۆ بەدواچوونی زیاتر ئاژانسی پەیامنێر چەندینجار پەیوەندی کردبە قایمقامی دووزخورماتووە، بەڵام بێ ئاکام بوو.
لە سەرجەم ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم جگە لە نەتەوەی کورد، ھاوکات نەتەوەکانی دیکەش بە تایبەت ھاووڵاتیان عەرەب داوای ڕەوانەکردنی ھێزی پێشمەرگە دەکەن بۆ پاراستنی سەروماڵیان، بەڵام داواکردنی کشانەوەی ھێزی پێشمەرگە لە سنووری دوزخورماتوو لە لایەن کوتلەی تورکمانەوە بە ڕای چاودێران مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە.
