لە ماوەی شەش مانگدا زیاتر لە ھەزار رووداوی ئاگر کەوتنەوە لە ھەولێر روویداوە
کافی عەبدولقادر ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی ھەولێر راگەیاند: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگای ھەولێر، ھەزار و ٣٦ رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە، لەو ژمارەیەدا ٥٨٠ حاڵەتی سووتانی پوش و پەڵاش و پاوان بووەو ٤٥٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەی جۆراوجۆری وەک سووتانی ماڵان و دوکان و ئۆتۆمبێل بووە، لەو ژمارەیەدا ٤١ حاڵەتی برینداربوون و ٢٨ حاڵەتی مردن و ١٢ حاڵەتی خنکان و چەند حالەتێکی رزگارکردنیش تۆمار کراوە.
ھەروەھا گوتی: بە بەراورد لەگەڵ شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو ژمارەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە کەمی کردووە، ئەویش بە ھۆی ٣ لیژنەوە کە بەدوا داچوون بۆ ھوتێل و مۆتێلەکان دەکات بەوەی بزانین تا چەند پابەندی رێنماییەکان بوونە.
