هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە سەرۆکایەتیی هەرێم دەکات دوو پسپۆڕی ژمارەیی هەڵبژاردنەکان بنێرێتە بەغدا
ئەندامی هاوپەیمانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەشواق جاف رایگەیاند: لە میانەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هاوپەیمانی کوردستانی دەربارەی ئەو یاسایانەی پێویستە لەم هەفتەیەدا بخرێنە خشتەی کارەکانی پەرلەمانەوە، بڕیارمان دا کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوو پسپۆڕی ژمارەیی هەڵبژاردنەکان بنێرێتە بەغدا تاوەکو رێنیشاندەر و راوێژکارمان بن بۆ سوود لێوەرگرتنیان بۆ یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
ئەوەشی گوت: مەبەست لە ناردنی ئەو دوو پسپۆڕەی هەڵبژاردنەکان لە بواری ژمارەیی هەڵبژاردندا بۆ ئەوەیە بتوانین باشترین سیغە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری بکەین و بەشی هەرێمی کوردستان هیچ زیانێکی بەرنەکەوێ.
ئەو یاسایانەی بڕیارە لە دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەدا بخرێنە خشتەی کارەکانی پەرلەمانی عێراقەوە بریتین لە یاساکانی سروودی نیشتیمانی، پەیماننامەکان، یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و زمانی رەسمی.
