بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشتگیری پەیامەكەی سەرۆك بارزانی

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پشتگیری پەیامەكەی سەرۆك بارزانی
لە وەڵامی ئەو بزاوتە سیاسییە چالاك و چڕوپڕەی لە ماوەی رابردوودا هەرێمی كوردستان بە خۆیەوە بینی و پرسەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆكی هەرێم و ریفراندۆم لەسەر پرۆژەی دەستووری و سازانی نیشتمانی لەبارەی كۆی ئەو پرۆسانەوە ببوونە بابەتە گەرموگووڕەكانی گەنگەشە سیاسییەكان، رۆژی 16/7 سەرۆك بارزانی پەیامێكی گرنگی رۆشنی بۆ گەلی كوردستان و لایەنە سیاسییەكانی و كۆمەڵگای مەدەنی راگەیاند.
لە پەیامەكەیدا سەرۆك بارزانی سەرەڕای تێبینییە تایبەتەكانی خۆی لەبارەی شێواز و ناوەڕۆكی بڕیارەكانی رۆژی 30 حوزەیرانی رابردووی پەرلەمان سەبارەت بە درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ دوو ساڵ، بەڵام بێ ئەوەی ئیمزا لەسەر یاساكە بكات رەزامەندی نیشان داوە بۆ بە ئەستۆگرتنی ئەو بەرپرسیارێتییە ئەوەیش وەكوو رێزگرتن لە ئیرادەی زۆرینەی پەرلەمان كە دەنگی بەو یاسایە داوە. هەروەها وەكوو بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاوپەیمانێتی ستراتیجی نێوان پارتیمان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان كە خاوەنی ئەو دەستپێشخەرییە بوون بۆ دۆزینەوەی دەریچەیەك بۆ پرۆسەی سیاسی تا لەسەر دەستی ئۆپۆزسیۆن دووچاری قەیران نەبێ و بۆشایی یاسایی نەخاتە هەرێمی كوردستانەوە. لەلایەكی تریشەوە رەزامەندی جەنابی سەرۆك كە هەمیشە وەكوو پێشمەرگە ناسیومانە، وەفاداری بەڕێزیانە بۆ ئەو كاروانە هاوبەشەی لەگەڵ برای خۆشەویستمان مام جەلال دەستیان پێكردووە و دەرەنجامە ئیجابییەكانی دەچنرێنەوە. هەروەها بۆ رێزگرتنە لە ئیرادەی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاییەكانی كۆمەڵگا كە پێشوازی و پشتگیری ئەو یاسایانەیان كردووە.
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتی پارتی پشتگیری تەواوی ئەم هەنگاوەی سەرۆك بارزانی دەكەن و گشت توانا سیاسی و حزبییەكان دەخەنە خزمەتی سەركەوتنی پرۆسەی سیاسی و دەربازكردنی لەو هەوڵە بەردەوامانەی كە كەمینەیەك بەناوی ئۆپۆزسیۆنە دەیدەن بۆ سەپاندنی مەرجە پێشوەختەكانی خۆیان كە دواجار هیچیان لێ شین نابێ جگە لە پەكخستنی ژیانی سیاسی و بە قەیرانگەیاندنی.
ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بوونی ئۆپۆزسیۆن وەكوو نیشانە و نەریتێكی راستەقینە و پێویست دەزانین و مامەڵەی دروستی سیاسی لەگەڵدا دەكەین و هەمیشە دەرگاكانی گفتوگۆمان لەگەڵیدا بە كراوەیی هێشتۆتەوە، بەڵام هاوكات ئەو راستییەیش دەزانین كە نابێ ژیانی سیاسی راگیرێ و بە هۆی رازی بوون یان رازی نەبوون و مەرجە سەپێنراوەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە پەكبخرێ. لەم دیدگایەشەوە دەڕوانینە سازانی نیشتمانی و بەتەواوەتی هاوڕایان لەگەڵ پەیامەكەی سەرۆك بارزانیدا لەمبارەیەوە.
ئێمە لەگەڵ سەرۆك بارزانیدا خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە كە ئیرادەی ئەوان لەسەروو هەموو ئیرادەیەكەوەیە و هەر خۆیانن كە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و جۆری ئەو سستمە سیاسییە دەدەن كە دواجار لە خزمەتی پێشڤەچوونی ئەزموونی دیموكراسی و گەشەپێدانی هەرێمەكەماندا دەبێ.
لە ناوچەیەكدا كە سەدان پرسیار لەسەر بزاوتی سیاسی و پێكەوەژیان و قبوڵكردنی یەكتر لەناو كۆمەڵگاكانیاندا دروست بووە و، دووچاری تاقیكردنەوەیەكی سەخت و توندوتیژی كردوون، لە هەرێمی كوردستاندا ئیرادەی هێزە سیاسییەكان و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكان و كۆمەڵگای مەدەنی، كە پێكەوە كار بۆ ئایندەیەكی رۆشن و نموونەیەكی جوانتری دیموكراسی دەكەین، هەنگاوی راستەقینە بەرەو سەركەوتنی زیاتر دەنێ.

مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
17/7/2013
Top