عەمید سەرحەد قادر، لە هەوڵێكی دیكەی كوشتن ڕزگاری بوو

عەمید سەرحەد قادر، لە هەوڵێكی دیكەی كوشتن ڕزگاری بوو
1٧ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحییەكانی پارێزگای كەركووك، عەمید سەرحەد قادر، ئەم سەرلەبەیانییەیش لە هەوڵێكی دیكەی كوشتن ڕزگاری بوو كە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بوو بە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانیدا لە كەركووك.
عەمید سەرحەد دەڵێت، بۆمبەكە لە قەراخ شەقامێك لە قەزای دبس(45كم باكووری ڕۆژاوای كەركووك) نرابووەوە و ئەم سەرلەبەیانییە تەقێنرایەوە، كاروانی ئۆتۆمبێلەكانمی كردبووە ئامانج، ئەمە لەو كاتەدا بوو كە لە چالاكییەكی ئەمنی گەِرابوومەوە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی و ماڵی بە دواوە نەبوو.
قادر گوتیشی، پاش تەقینەوەكە، هێزەكان شوێنی ڕووداوەكەیان كۆنترۆڵ كرد و بەمەیش چوار بۆمبی دیكەی چێنراو و ئامادە بۆ تەقینەوەیان دۆزییەوە كە دواتر هێزی پاكتاوكردنی تەقمەنییەكان پوچەڵیان كردنەوە.
شیاوی باسە، عەمید سەرحەد قادر، چەندین جار لە لایەن تیرۆریستانە بەرەوڕووی كردەی تیرۆریستانە بووەتەوە بە هۆیانەوە برینداریش بووە،لە 3/2/ ئەمساڵ، لە هێرشێكی تیرۆریستان بە ئۆتۆمبێلێكی مینڕژكراو و نارنجۆكەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی كەركووك، زیاتر لە 100 قوربانی هەبوون كە لە نێویاندا كوژراو و بریندار هەبوون، یەكێك لە بریندارەكانیش سەرحەد قادر بوو.
Top