تا ئێستا لایەنە سیاسییەكان ناوی كاندیدەكانی خۆیان بۆ كۆمیسیۆن نەناردووە
سەرۆكی نووسینگەی هەولێری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە \"هەولێر\""ـی راگەیاند كە كۆمیسیۆن ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، ڕوونیشی كردەوە كە لە ئێستادا كاندیدی حزبەكان وەردەگیرێن و دواتریش پرۆسەی دامەزراندنی كارمەند بۆ سەر سندووقەكان دەست پێدەكات.
هەندرێن محەممەد ئاشكراشی كرد كە تاكوو ئێستا هیچ كام لە لایەنە سیاسییەكان ناوی كاندیدەكانیان نەناردووە، پێشبینیش دەكات تاكوو دوایین رۆژ هیچ كام لە لایەنە سیاسییەكان ناوی كاندیدەكانیان بۆ كۆمیسیۆن نەنێرن، ئەو ئاماژەشی بەوە دا كە لە ئێستادا ناوی 39 قەوارەی سیاسی تۆمار كراوە و قەوارە و حزبەكانیش بە ناوی سەرۆكەكەیان تۆمار دەكرێن، هەندرێن محەممەد گوتیشی كە هەر كات حزبەكان ناوی كاندیدەكەیان بۆ كۆمیسیۆن نارد، سەرۆكی لیستەكانیش ئاشكرا دەبن.
سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانیش، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان سیروان ئەحمەد بە \""هەولێر\""ـی گوت كە كۆمیسیۆن دیراسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات، بۆ ئەوەی تواناكانی خۆی بۆ بەڕێوەبەردنی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا هەڵسەنگێنێت، ئەو ئاشكراشی كرد كە لەم هەفتەیەدا كۆمیسیۆن بە فەرمی وەڵامی حكوومەتی هەرێم دەداتەوە، بەوەی كە دەتوانن لەو كاتەی كە حكوومەت دەستنیشانی كردووە، هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەن.
جێگەی ئاماژەیە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 21/9/2013ـدا لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت."
