دزەکەی دوکانی دراو گۆڕینەوەکەی کەلار دەستگیر کرا

دزەکەی دوکانی دراو گۆڕینەوەکەی کەلار دەستگیر کرا
16ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- دوو رۆژ لەمەوبەر لەناو بازاڕی شاری کەلار بە رۆژی نیوەڕۆ دوکانێکی دراو گۆڕێنەوە بڕدرا و بڕی هەشت ملیۆن دیناری تێدا دزرا، ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایش و پۆلیسی کەلارەوە توانرا ئەنجامدەری ئەو دزییە دەستگیر بکرێت کە لە نزیک دوکانی دراو گۆڕینەوەکە دوکانی موبایل فرۆشتنی هەیە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان موقەدەم \"حەسەن محەممەد\"" بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: ئەو هاوڵاتییە تەمەنی 30ساڵە و دانیشتووی شاری کەلارە و خێزاندارە، هەر لە نزێک ئەو دوکانەی دراو گۆڕینەوە، دوکانی موبایل فرۆشتنی هەیە و دراوسێ دوکانی یەکترن.

موقەدەم حەسەن محەممەد گوتی: ئەو تاوانبارە لە بەردەمی ئەفسەری لێکۆڵینەوە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە بە شیشێک قوفڵی دوکانەکەی شکاندووە و دواتر لەنێو دوکانەکەدا توانیویەتی یەکێک لە قاسەکان بشکێنێ‌.

روونیشی کردەوە، بە فەرمانی دادوەر دەستبەسەرە و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.

دوو رۆژ لەمەوبەر لەنێو بازاری شاری کەلار بە رۆژی نیوەڕۆ، دوکانێکی دراوگۆڕینەوە بڕدرا و لە یەکێک لە قاسەکانی نێو دوکانەکە بڕی هەشت ملیۆن دینار دزرا و تاوانبارەکە هەوڵێکی زۆریشی دابوو قاسەیەکی دیکە کە بڕێکی زۆر لە دۆلاری تێدابوو بشکێنێ‌ بەڵام بۆی نەشکێندرابوو."
Top