زنجیرەیەك تەقینەوە كەركوك و دەوروبەری هەژاند

زنجیرەیەك تەقینەوە كەركوك و دەوروبەری هەژاند
15ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- بەرەبەیانی ئەمرۆ زنجیرەیەك تەقینەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیان كردە ئامانج و ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە. لەو چوارچێوەیەدا لەگەڕەكی (واستی)ی شاری كەركوك ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو بەكاروانێكی ئۆتۆمبیلەكانی هێزەكانی پۆلیسی ئامادەدا تەقیەوە و، بەهۆی ئەو پەلامارە تیرۆریستیەشەوە پۆلیسێك شەهید بوو و 5 پۆلیسی تر و 2 هاوڵاتی بریندار بوون، هاوكات بەهۆی ئەو تەقینەوەیە زیانی زۆری ماددی كەوتۆتەوە. لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە لەهەوڵێكی تیرۆریستی رزگاری بوو. لەو بارەیەوە پەیامنێرمان پێی راگەیاندین: ئەو هەوڵە تیرۆریستیە لەڕێگەی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراوەوە بووە كە كاروانی ئۆتۆمبیلەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیەی كردبووە ئامانج و بەو هۆیەوە 3 پۆلیس برینداربوون و بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیەش لەو هەوڵە تیرۆریستییە رزگاری بووە. جێی ئاماژەیە، زیاتر لە 10 جارە بەڕێوەبەری ناحیەی سەعدیە لەلایەن تیرۆریستانەوە دەكرێتە ئامانج. لەلایەكی ترەوە پەیامنێرمان لە لەقەزای خوومارتوو پێی راگەیاندین: تیرۆریستان بە تەقاندنەوەی 3 بۆمبی چێنراو و ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو هەریەك لەگەڕەكەكانی عەسكەری و كۆماریان لەقەزاكە كردە ئامانج، كە جگە لەزیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبووە.
Top