سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (الپارتی) كۆبوویەوە
لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی سووریا بە گشتی و ڕۆژئاوای كوردستان بە تایبەتی خرایە بەر باس و گفتوگۆ و جەخت لەسەر پێویستی پێشخستنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە سووریا كرایەوە.
لەو دانیشتنەدا سەرۆك بارزانی تیشكی خستە سەر ئەوەی كە پێویستە لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان یەكڕیزیی خۆیان بپارێزن و ببنە خاوەنی ستراتیژی و وتارێكی هاوبەش و ڕوون بۆ ئەوەی گەلی كورد بتوانێ هەم داواكارییە ڕەواكانی خۆی سەر بخات و هەمیش ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە ببێتەوە كە لە كەشە پڕ قەیرانەكەی سووریادا دێتە ئاراوە. سەرۆك بارزانی هێماشی بەوەدا دەبێ هەموو لایەك هەوڵ بدەن ڕێز لە بوون و ئیرادەی یەكتر بگرن و كاریش بۆ ئامانجێكی هاوبەش بكەن.
