سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كرد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كرد
٩ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ سێشەممە 9ـی 7ـی 2013 لە سەڵاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی پارتی یەكێتی دیموكراتی (پەیەدە) كرد.

لە دانیشتنێكدا باس لە بارودۆخی سیاسیی ڕۆژئاوای كوردستان و قەیرانی ئێستای سووریا كرا و شاندی میوان بۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی پەیوەندیی نێوان حزبە كوردییەكانی سووریا و ئەو گرفت و كێشانەی لەنێوان لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا هەیە بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.

لە بەرانبەریشدا سەرۆك بارزانی بارودۆخی ئێستای سووریای وەك دەرفەتێكی پڕبایەخ زانی بۆ ئەوەی گەلی كورد لەو بەشەی كوردستاندا مافە زەوتكراوەكانی خۆی مسۆگەر بكات.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرباری بوونی جیاوازیی بیروڕا لەنێوان لایەنە كوردییەكانی سووریا پێویستە هەموو لایەك پێكەوە لەسەر خاڵە هاوبەشەكان و پڕەنسیپ و ستراتیژییەكی دیاریكراو ڕێك بكەون، سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بەوەدا كە بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی كورد لە ڕۆژئاوا لە كیس نەچێ پێویستە هەموو لایەك قبووڵی بوونی یەكتر بكەن و ئەگەر لایەنەكان بڕوایان بە پڕەنسیپە سەرەكییەكان هەبێ، دەكرێ لەسەر وردەكارییەكانیش بگەنە ڕێككەوتن.
Top