لە کەلار کچێکی تر خۆی سوتاندو ئەگەری گیان لە دەستدانی زۆرە
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی کەلار بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ پاش نیوەرۆی ئەمرۆ کچێک بە ناوی \"ش، ک،ف\"" کەتەمەنی ٤٧ ساڵ و کچی ماڵەوەیە و دانیشتووی گەرەکی گۆرانی شاری کەلارە، بەھۆی سوتانەوە گەیەنرایە نەخۆشخانەی کەلار و بەھۆی زۆری رێژەی سوتانەکەیەوە کە ٨٠ لە سەد بووە، دەستبەجێ ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، لەبەر زۆری رێژەی سوتانەکەی ناوبراو ئەگەری گیان لە دەستدانی زۆرە.
رونشیکردەوە، لە کاتی وەرگرتنی وتەی ئەو کچە رایگەیاند، لە ماڵەوە ھەندێ جلوبەرگی زیادەیان ھەبووە ویستویەتی بیسوتێنێت، بۆیە لە کاتێکدا جلوبەرگەکانی کردۆتە ناو تەنوورە گڵەکەیانەوە و نەوتی بەسەردا کردووە لە کاتێکدا ئاگرەکەی کردۆتەوە کڵپەی سەندووە و بەھۆیەوە سوتاوە.
لای خۆشیەوە سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە کاتی لێکۆڵینەوە و چونە شوێنی رووداوەکە، دەرکەوت تەنووە گڵەکەی ماڵەوەیان ئاسەواری سوتان و ئاگری پێوە دیار نییە و لە ناو ماڵەکەیاندا دەبەیەکی نەوت بە بەتاڵی دۆزراوەتەوە و گومان دەکرێت ئەو کچە خۆی سوتاندبێت.
ھەر بەیانی ئەمرۆ لە شارەدێی رزگاری سەر بەشارۆچکەی کەلار ئافرەتێکی تەمەن ٢٦ساڵ کە ماوەیەکە چۆتە نێو ژیانی ھاوسەرێتییەوە لە داخی مێردەکەی خۆی سوتاندو بەھۆی رێژەی سوتانەکەی کە ١٠٠ لە سەد بوو، ڕەوانەی سلێمانی کرا."
