بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ راوێژكاری سیاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا كۆبووەوە

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ راوێژكاری سیاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا كۆبووەوە
4ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- لە دیدارێكی نێوان بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ جاڤید باتل راوێژكاری سیاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عیراق باس لە رەوشی ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان و عیراق و پتەوكردنی زیاتری پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا كرا.

لە دیدارەكەدا كە كاروان جەمال جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە ئامادەبوو. فەلاح مستەفا باسی لە سیاسەت و تێڕوانینی حكومەتی هەرێم كرد لەمەڕ پێشهات و گۆڕانكاریەكان لە عیراق و ناوچەكە، هاوكات جەختی لەسەر بایەخی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا كردەوەو هیوای خواست زیاتر برەو بەو بوارانە بدەن كە هەردوولا دەتوانن كاری لەسەر بكەن.

راوێژكاری سیاسی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عیراق گووتی بەریتانیا بە گرنگی و بایەخەوە دەروانێتە پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی ئارام و زیندوو لە عیراقی فیدراڵ و ویستی حكومەتەكەی دەربڕی بۆ گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندیەكان و كاركردن لەسەر پرەنسیپی ئاڵوگۆڕی كەلتوری و رۆشنبیری و زانكۆیی لە نێوان هەردوولا.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت سوپاسی هەڵوێستی بەریتانیای كرد كە بە بایەخەوە دەڕوانێتە هەرێمی كوردستان و كردنەوەی كونسولگەری گشتی ئەم وڵاتە لە هەرێم ئاماژەیەكی روونە.

هەردوولا باسیان لە دوایین گۆرانكاری و پێشكەوتنە سیاسەكان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە كرد و تیشكیان خستە سەر رەوشی پەنابەرانی سوریا لە هەرێم كە ژمارەیان لە زیادبوونەو لە گوزەرانێكی نالەباردا دەژین.
Top