راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

راگەیەندراوی كۆتایی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
جەماوەری سەربەرزی كوردستان!
لە هەلومەرجێكی جیهانیدا، كە جیهانگیری، بەرە بەرە كاریگەرییە ئابوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی‌و كولتوریەكانی، بەئاڕاستەی دیموكراسی‌و ئازادی كۆمەڵایەتی‌و مەدەنی، هەتادێت خێراتر لە رابوردووو، بەشێوەیەك دەردەكەوێ‌، كە سەراپا تێزو فەلسەفە ئابوری‌و سیاسیەكانی نیو سەدەی رابوردووی سەرمایەداری خستووەتە ژێر پرسیاری قوڵەوە، هەروەها، بارودۆخی رۆژهەڵات‌و رۆژئاوای عەرەبی‌و میسر، لە گۆڕانكاریەكی خێرای ئەوتۆدایە، ستراتیژی سەدەیەكی هێزە كۆنەپارێزەكانی هەڵوەشاندەوەو سەرەنجام، خەریكە باشتر دەردەكەوێ‌ كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، لە هەژانێكی مێژوویی راستەقینەدایەو ئەنجامەكەی، لەبەرژەوەندی هێزە دیموكراتە راستەقینەكان دەشكێتەوە، لەم بارودۆخەشدا، كە هێشتا دۆخی عیراق ناجێگیرەو كوردستانیش بەقۆناغێكی مێژوویی سازانی نیشتمانی‌و كێشمەكێشدا لەسەر دەستوری هەمیشەیی تێدەپەڕێ‌. لەهەلومەرجێكی وادا، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە وادەی خۆیدا، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی كرد.

كۆبونەوەكە، پێچەوانەی تەواوی پروپاگەندەكان، لە كەشێكی پڕ لە پەرۆشی یەكێتی، دڵسۆزی بۆ یەكێتی، سووربون لەسەر یەكێتی ناو یەكێتی‌و شانازیكردن بە دەستكەوت‌و سەركەوتنە سیاسیەكانی یەكێتی لەبواری دیموكراسی، سیاسی، ئابوری، یاسایی‌و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتیەوە، ئەنجامدرا.

گرنگترین تەوەری كۆبونەوەكە، ئەمانەی خوارەوەی بوون:
یەكەم: هەمواركردنەوەی دەستور لە پەرلەمان‌و سازانی نیشتمانی‌و درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی هەرێم.
دووەم: خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنێكی دیموكراسی شەفاف.
سێهەم: رۆشنكردنەوەی راستیە بابەتیەكان، دوور لە كاردانەوە بەرامبەر راگەیاندنی چەواشە.
چوارەم: سازدانی تۆكمەی ئۆرگانەكانی یەكێتی، بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانی سیاسی‌و هەڵبژاردنی كاندیدەكان لە ریزەكان‌و سەرەنجام لەناو خەڵكیشدا.
سەبارەت بە تەوەری یەكەم؛ كۆبونەوە، بە گەڕانەوە بۆ دەقی بڕیاری پەسەندكراوی كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی لە (20/5/2013) پشتیوانی تەواوی رێكەوتنامەی نێوان یەكێتی‌و پارتی كرد دەربارەی هەمواركردنەوەی دەستورو سازانی نیشتمانی، درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا لەناو پەرلەماندا. لەمبارەوە كۆبونەوە پێی وابوو، مادام ئەم رێكەوتنەو بڕیارو یاساكانی پەرلەمان، پێشترلەكۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتیدا، پرنسیپەكانی، بەرۆشنی پەسەند كرابوون، بۆیە جێبەجێكردنیان دەبێتە ئەركی بێ‌ئەملاوئەولای یەكێتی.

لەبەر رۆشنایی دوا رێكەوتنی یەكێتی- پارتی كە لە 29/6/2013 لەماڵی جەنابی مام جەلال دا، كۆبونەوەی دوێنێی سەركردایەتی جەختی كردەوە كە یەكێتی لەكۆتاییدا دوور لە پروپاگەندەی حیزبی‌و چەواشەی راگەیاندن، هەروەها، دوور لەو هەوڵانەی بۆ ئاڵۆزاندنی پرۆسەی هەڵبژاردن دەدرێن، قووڵا لە ئەركە نیشتمانیەكانی تێگەیشتوە ، سەرئەنجامیش كەشێكی سیاسی وای خولقاند كەتیایدا زەمینە بۆ هەمواركردنەوەی دەستورو سازانی نیشتمانی بڕخسێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا یەكێتی كاربكات بۆ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان دەستبكات بەدانانی رێوشوێنی هەموراكردنەوەی دەستور. بەپێچەوانەوە، هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، بەتایبەتی بزوتنەوی گۆڕان، دەریانخست، كە لافلێدانیان سەبارەت بە هەمواركردنی دەستورو گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان، جگە لە پروپاگەندەو نەخشەی تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی‌و پرۆسەی دیموكراسی، هیچی دیكە نەبوو، چونكە، دەستور بەڕاستی گەڕایەوە پەرلەمان‌و هەر پەرلەمانیش ماوەی دوو ساڵی بۆ سەرۆكی هەرێم زیاد كرد. هەمواركردنی دەستوریش، دیسان لە پەرلەماندا، كرایە یاسا. بەڵام بەداخەوە، لەبری سوپاسكردنی پەرلەمان بۆ جوان راپەڕاندنی ئەركەكان‌و داخوازی هەموو لایەنە سیاسیەكان، ئۆپۆزسیۆن رێگایەكی تری گرتەبەر، یەكێتی بەئەقڵانیەتی سیاسی‌و لەسەر زەمینەی پاراستن‌و پەرەپێدانی هاوپەیمانی ستراتیژی‌و گونجاندنی لەتەك گۆڕانكاریەكاندا، بەبێ‌ ئەوەی یەكێتی هیچ نەخشەیەكی دوژمنایەتی ئۆپۆزسیۆنی هەبێ‌، ئەوپەڕی هەوڵی دا، لە كۆبونەوە سیاسیەكاندا، چ لەناو پەرلەماندا، لەگەڵیاندا سازانی نیشتمانی لەسەر هەمواركردنی دەستورو چارەسەری كێشەی سەرۆكی هەرێم، ئەنجام بدرێ‌، تەواوی ئەو پەرۆشییە لەگەڵیاندا سودی نەبوو. بۆیە یەكێتی ئەمجارەش بەرپرسیارێتی بڕیارە سیاسی‌و یاساییەكانی گەیاندە ئەنجام، ئیتر مانۆرو پاساو لەبەردەم ئۆپۆزسیۆندا نەما.

هاوڵاتی وشیاری كوردستان!
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەكاتێكدا جێگەی داخە بۆی، ئۆپۆزسیۆن، پەیمانی خۆیان نەبردەسەرو بزوتنەوەی گۆڕان، ئاشكرا، پێشێلی لێكتێگەیشتنی دەباشانی كرد، لەوەش زیاتر، لەكاتێكدا ماوەیەكی بەرچاوە نێوان یەكێتی‌و گۆڕان، ئارامیەكی سیاسی بەخۆیەوە دیبوو، كە ئەمەش بوبووە مایەی ئاسودەیی جەماوەر‌و قەواعیدی هەردوولامان، بەڵام، رێكخەرو سەركردایەتی گۆڕان، هەموو ئەو هەوڵانەیان شێواندو ماوەیەكە، لە جەنابی مام جەلالەوە، كە تەواوی مام ناسەكانی عێراق‌و هەر چواربەشەكەی كوردستان‌و جیهان، دوعای چاكبونەوەی بۆ دەكەن، كەچی یەكەمین لایەن‌و یەكەمین كەس، لەوكاتەوە مام نەخۆش كەوتووە، رێكخەرو بزوتنەوەی گۆڕان، دژی دوان. هەروەها كە دڵنیابون یەكێتی لەبەرنامەكانیدا لە سەركەوتن نزیككەوتۆتەوە، بێپەروا كەوتونەتە دوژمنایەتی یەكێتی‌و سەركردایەتیەكەی؛ ئێمە، لەكاتێكدا ویژدان‌و دڵسۆزی رای گشتی دەكەینە حەكەم لەسەر ئەم سیاسەتە هەڵچون‌و داچون‌و بێ‌ پرنسیپەی گۆڕان، لەهەمانكاتدا؛ دوپاتی دەكەینەوە لەچوارچێوەی سیاسەتی سازانی نیشتمانی‌و بەرنامەی هەمواركردنی دەستوردا، ئێستاش لەگەڵا ئۆپۆزسیۆندا ئامادەی گفتوگۆین. هەر ئەمەش لەبەرژەوەندی نەتەوەی كوردو دیموكراسی‌و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیدا دەبینین. نەك گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم.

دڵسۆزانی كوردستان!
دەربارەی خاڵی دووەمی كۆبونەوە؛ یەكێتی، وەكو هەمیشە، پێیوایە، سازانی نیشتمانی‌و هەمواركردنی دەستورو پابەندبون بە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی‌و تەنانەت چارەسەركردنی گرفتە سیاسیەكانیش، پەیوەستی هەڵبژاردنی دیموكراسیانەی شەفافە. بۆیە، لەمبارەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی، سورە لەسەرئەوەی، پەرلەمانی كوردستان‌و هێزە سیاسیەكان، لە لیستی دەنگدەران‌و لە رێژەی دەنگدەری كوردستان، دڵنیابن، هەڵبژاردنیش لەوادەی خۆیدا پێویستە ئەنجام بدرێ‌. لەكاتی هەڵبژاردنیشدا، ئامێری نوێی چاودێری دەنگدەرو چاودێری بێگانەو عێراق‌و كوردستانی، بەگوێرەی پێویست، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی شەفاف، ئامادە بكرێن.

تەوەری سێهەمی كۆبونەوەش؛ لەبەرئەوەی لەلایەك هەڵبژاردنی ئەمجارە، ئۆپۆزسیۆن، لەبری سازان، سیاسەتی ترازانی پەیڕەو كرد، بۆیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ وادەی هەڵبژاردن نیگەرانە ، لەلایەكیتریش رۆڵ و پێگەی یەكێتی و سیاسەتە راست و دروستەكانی، دوژمنانی دیموكراسی‌و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی‌و نەیارانی یەكێتی تەواو هەراسان كردووە، بۆیە، هەموو توانایان خستۆتەگەڕ، دوژمنایەتی یەكێتی‌و دژایەتی رەمزەكانی بكەن. ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیش، لە هەستی بەرپرسیارێتیەوە، زیاتر پێ‌ لەسەر راپەڕاندنی ئەركەكانی دادەگرێ‌، بەبێ‌ ئەوەی رێگە بدات، راكێشرێتە مەیدانی شەڕی راگەیاندنی لاوەكیەوە، بۆیە، لە ئۆرگانەكانی یەكێتیش چاوەڕوانین، خۆیان بە جێبەجێكردنی بڕیارو بەرنامەكانەوە سەرقاڵا بكەن‌و بوار نەدەن، نەیاران، بە قینەبەرایەتی لاوەكیەوە، تێیانبگلێنن. گرنگترین ئەركی یەكێتیش، جگە لە گۆڕانكاری ریشەیی لە سیستەمی حوكمڕانی‌و ریشەكێشكردنی گەندەڵی‌و مشەخۆری‌و وەدیهێنانی عەدالەتی كۆمەڵایەتی. لەم قۆناغەدا هەمواركردنی دەستورە لەناو پەرلەماندا، ئەمەش پێویستی بە سازانی نیشتمانی راستەقینەیە. بناغەی سازانی نیشتمانیش یەكێتی‌و پارتی‌و ئەو هێزە راستگۆیانەی سیاسی‌و مەدەنین، كە لەگەڵا سازاندان..

جەماوەری ئازادیخواز!
هەڤاڵانی یەكێتی!

ئەمڕۆ، لەهەموو كاتێك پتر، یەكێتی‌و ئۆرگانەكانی، كادرو ئەندام‌و دڵسۆزانی، لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی چارەنوسسازی دیموكراسی‌و نەتەوەییدان.

ئەوەی ئەركی سەرشانی یەكێتی بوو، تەواوی توانای بخاتەكار بۆئەوەی زەمینەی سازانی نیشتمانی‌و هەمواركردنی دەستور، بەكردەوە، نەك بە پروپاگەندە، بڕەخسێنێ‌، بەبێ‌ ئەوەی زیانز بە هاوپەیمانی ستراتیژی بگەیەنێ‌‌و پردی دیالۆگیش لەگەڵا ئۆپۆزسیۆندا، پتەوتر بكات، یەكێتی ئەنجامی دا. ئێستا یەكێتی‌و پارتی، دركی ئەركی ئەم قۆناغەیان بەو بڕیارە مێژووییە لەپەرلەماندا سەبارەت بە سازانی نیشتمانی‌و هەمواركردنی دەستور، بۆئەوەی ببێتە دەستورێكی پەرلەمانی گەلپەسەند، بەرجەستەكرد. بەدڵنیاییەوە، دەشچینە ناو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە. لەناو ئەم پرۆسەیەدا، یەكێتی، بە لیستی سەربەخۆ دادەبەزێ‌. ئەمەش داخوازی قەواعیدی یەكێتی‌و جەماوەرەكەی بوو. كە هەموولایەك دەزانن لەگەرمەی پروپاگەندەی چەواشە دژی یەكێتی، كە گوایە یەكێتی بڕیاری سەربەخۆیی سیاسی لەدەست دابێ‌، هاوینی دوو ساڵا لەمەوبەر، لەشاری كەركوكدا، بەئامادەبونی جەنابی مام جەلال، بڕیاری لیستی سەربەخۆمان داوە، ئەمەش، ئەركی یەكێتی، قورستر دەكات. بۆیە، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، پەیامی بۆ هەڤاڵان‌و دڵسۆزان ئەوەیە كە:

هەڵبژاردنی ئازادی ئۆرگانەكانی یەكێتی، بۆ هەڵبژاردنی كاندیدی دڵخوازیان، وەكو ئەركێكی دیموكراسی رابپەڕێنن‌و ئەم ئەزمونە دیموكراسییە، كە یەكەمین جارە لەكوردستاندا، بەفراوانی یەكێتی ئەنجامی دەدات، بەجوانی سەربخەن. پاشان، هەڤاڵان، تەواوی توانایان بخەنەكار بۆئەوەی بتوانن، راستیەكان بۆ رای گشتی‌و بۆ ناو یەكێتی، رونبكەنەوە. ئەمەش ئەركێكی دیموكراسی‌و نیشتمانی‌و نەتەوەیی، كە رێگە نەدرێ‌ رای گشتی‌و دەنگدەر، لەژێر هیچ پەردەو پاساوێكی بێبنەمادا، چەواشەبكرێ‌.

هەڤاڵا ‌و دۆستان!

- دڵنیابن؛ گیانی پاكی شەهیدان، ئاوێتەی هەڵوێستی خەباتی دیموكراسی‌و خزمەتی خەڵكتانە.
- دڵنیابن؛ مام جەلال.. هەست‌و نەست ‌و خۆشەویستیەكەی، لەگەڵا یەكە بەیەكەتانە.
- دڵنیابن.. پێشمەرگەو كەمئەندامانی سەنگەر، چاوەڕوانی درێژەپێدانی خەباتتانە.
- دڵنباین.. رەنجدەرانی بیرو بازوو، بەشی زۆریان چارەنوسیان لە رێبازی یەكێتی دا، دەبیننەوە.
- دڵنیابن.. رەنگە جوانەكانی پەلكەزێڕینەی ئازادی، بە یەكێتی دەدرەوشێنەوە.
- دڵنیابن.. سەنگەرەكانی یەكێتی، لەبەرامبەر دوژمنانی دیموكراسی‌و كۆنەپارێزاندا، لەشكان نایەن.
- دڵنیابن.. سیستەمی دیموكراسی، عەلمانیەت، مەدەنیەت، عەدالەتی كۆمەڵایەتی‌و یەكسانی ژن‌و پیاو، پێگەیاندنی راستەقینەی نەوەی نوێ‌، ئەركی ستراتیژمانەو دەیانهێنینەدی.

هەڤاڵان.. ئێوە دڵنیابن، گەل‌و نەتەوەكەشمان دڵنیایە، هەروەكو مام جەلالەكەی كوردو دیموكراسی فەرمویەتی:
سەفین لەبن بێت.. یەكێتی لەبن نایەت.
دە دەی هەڤاڵان.. دڵسۆزان.. ئازادیخوازان:
- ئارامگای شەهیدان بۆ ئەم هەڵبژاردنە گوڵباران بكەن.
- كەسوكاری شەهیدان بەسەربكەنەوەو خزمەتی زیاتریان بكەن.
- چارەسەری گرفتەكانی خەڵك بكەن.
- نیگەرانەكان ئاشت بكەنەوە.
- لەخۆتان ببورن لەپێناوی خەڵكدا.
بەڵێ‌ یەكێتیەكان:
هەمیشە پیشەنگ بن.. چونكە یەكێتین.
هەمیشە ئازا و ئازادیخواز بن.. چونكە یەكێتین.
هەمیشە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی بپارێزن.. چونكە یەكێتین.
هەمیشە لە رەخنەو رەخنەلەخۆگرتن مەترسن.. چونكە یەكێتین.

ئەی خەڵكینە.. زیاتر ئاگاتان لە یەكێتی بێ‌.. چونكە یەكێتی، وەكو ئێستاو رابوردوو، ئایندەشتان گەشتر دەكات.
ئیتر بۆ پێشەوە بەرەو هەمواركردنی دەستورو هەڵبژاردنی ئازاد.
ئەنجومەنی سەركردایەتی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
2013/7/3
Top