دوو وێستگەی ئۆتۆماتیكی كەشناسی لەسنووری پارێزگای دهۆك دەكرێنەوە

دوو وێستگەی ئۆتۆماتیكی كەشناسی لەسنووری پارێزگای دهۆك دەكرێنەوە
2ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- لەژێرچاودێری بەڕێز (جۆنسۆن سیاویش ئەیۆ) وەزیری گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان , بەئامادەبوونی ئەندازیاری شارەزا ( ئازاد عمر موسا) بەرێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن و (فازل ئیبراهیم) بەرێوەبەری گشتی كەشناسی وبوومەلەرزەزانی هەرێم و لێپرسراوانی كارگێری و حكومی لە سنووری پارێزگای دهۆک دوو وێستگەی نوێی كەشناسی لە هەردوو شارۆچكەی مانگێش و بامەڕنێ كرایەوە .

لە سەرەتای كردنەوەی هەردوو پڕۆژەدا لەلایەن ئەندازیار (ئازاد عومەرموسا) ووتەیەك بەناوی بەڕێز وەزیری گواستنەوەو گەیاندن پێشكەش كرا و باسی لەگرنگی پڕۆژەكە كرد كە پێشكەوتنێكی گرنگ دێنێتە ئاراوە لەبواری كەشناسی لە هەرێمی كوردستان و ئەو دوو پرۆژەیەش لەسەر بوودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بنیاتنراون دەچنە ناو تۆڕی کەشناسی هەرێمی کوردستان کە لە 31 وێستگە لە سەرانسەری هەرێم پێکدێت و گرنیگیدان بە کەشناسی و بومەلەرزەزانی بەشێکی گرنگن لە ستراتیژیەتی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن .

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەڕێوەبەری گشتی دیوان ئاماژەی بە هەنگاوەکانی داهاتوو کرد بە تایبەتی دامەزراندنی وێستگەیەکی نوێی پێشبینی کەش و هەوا و بەستنەوەی راستەوخۆی بە مانگە دەستکردەکانەوە بۆ ئاگاداربوونی پێشوەختە لە کەش وهەوا ، لە بەشێکی دیکەی وتەکەیدا دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد .

هەروەها پرۆژەی وێستگەی كەشناسی مانگێش لەلایەن بەرێز (فازل ئیبراهیم ) بەرێوەبەری گشتی كەشناسی وبوومەلەرزەزانی كرایەوە .

شایەنی باسە ئەم دوو وێستگەیە لەسەر بوودجەی حكومەتی هەرێم كوردستان بەگوژمەی (377000000) سێ سەدوو حەفتاو حەفت ملیۆن دیناری عێراقی جێ‌ بەجێ كراوە كەنوێترین تەكنەلۆژیای بواری كەشناسی تیایدا بەكارهاتووە و سەرجەم رەگەزەكانی ئاو و هەوا تۆماردەكات دواتر لەرێگەی سیستەمی gprs بەستراوەتەوە بەتۆڕی كەشناسی هەرێمی كوردستان و زانیاریەكان لەداتا سێنتەرێك لەپارێزگای هەولێر كۆدە كرێتەوە .

شایانی باسە هاووڵاتیان لەهەرێمی كوردستان و سەرانسەری جیهان دەتوانن لە رێگای تۆڕی ئینتەرنیتەوە راستەوخۆ زانیاریەكانی كەشناسی لەم وێستگانە بەدەست بهێنن.
Top