كونسوڵی گشتی تازەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو

كونسوڵی گشتی تازەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو
2ی‌ ته‌مموز/ یۆلیۆ (گوڵان میدیا)- لە دیدارێكی نێوان فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت لەگەڵ هەردوو كونسوڵی گشتی تازەو پێشووی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان، باس لە پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوولا و بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و عیراق و ناوچەكە كرا.

لە دیدارەكەدا فەلاح مستەفا سوپاس و دەستخۆشی لە كارەكانی بەڕێز پۆل سەتفین كونسوڵی گشتی پێشووی ئەمەریكا لە هەرێم كرد كە رۆڵی بەرچاوی هەبوو لە زیاتر پێشخستنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە بوارە جیاجیاكان. هاوكات پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە بەڕێز جۆزیف پێنینتن كونسوڵی گشتی تازەی ئەمەریكا لە هەرێم كرد و هیوای سەركەوتنی لەم ئەركە تازەیەی بۆ خواست.

بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هەر هاوكاری و هەماهەنگیەك لە پێناو سوود و بەرژەوەندی هەردوولاو زیاتر پێشخستنی پەیوەندیە سیاسی و ئابووری و كەلتوریەكان و هەردوولا جەختیان لەسەر زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكان كردەوە.

رەوشی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان و هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی عیراق و گفتوگۆكردن سەبارەت بە دوایین پێشكەوتنەكانی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
Top