كرێكارانی وان: چی دیكە لە قەرەقووڵەكاندا كار ناكەین
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی یووكسەكئۆڤا بڵاویكردەوە كە دوای روودانی شەڕ و پێكدادان لە نێوان خەڵك و هێزە سەربازییەكانی توركیا لە ناوچەی لیجەدا، ئەو كرێكارانەی كە لە ناوچەی وان و مووشدا بۆ دروست كردنی قەرەقووڵ و بنكەی نوێ سەربازی چوونەتە پارێزگای دەرسیم دەستیان لە كار كێشاوەتەوە و دەڵێن بە هیچ شێوەیەك ئامادە نین كە قەرەقووڵ و بنكەی نوێ سەربازی لە ناوچەكە دروست بكەن.
ئەو كرێكارانە ئاماژەیان بەوە كردووە كە دوای رووداوەكەی لیجە بۆیان روون بووەتەوە كە ئارمانجی حكوومەت لە دامەزراندنی ئەم قەرەقووڵ و بنكە نوێیانە، ئارمانجێكی خەیر نییەو بەڵكو لە دژی گەلی كوردە بۆیە ئەوانیش بە مەبەستی پرۆتستۆكردنی ئەم هەڵوێستەی حكوومەتی توركیا وازیان لە كارەكانیان هێناوە و چی دیكە ئامادە نین كار بۆ دامەزراندنی قەرەقووڵ و بنكەی نوێ سەربازی بكەن.
