ڕوونکردنەوەیەک لە فراکسیۆنی کوردستانی
جەماوەری خۆشەویستی کوردستان
لەبارەی بەڕێوەچونی کارنامەی پەرلەمانی کوردستان لە ڕۆژی ٣٠ / ٦ / ٢٠١٣ وە ڕوداوە نەخوازراوەکانی دانیشتنەکانی پەرلەمان، بەپێویستمان زانی لەدووتوێی ئەم خاڵانەی خوارەوەدا چەند ڕاستیەک ڕوون بکەینەوە :
١. پێشکەش کردنی ھەردوو پڕۆژە یاسای درێژکردنەوەی ماوەی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان و ماوەی ویلایەتی سەرۆکی ھەرێم بەواژوی سەرۆک و جێگری سەرۆکی(٩) فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان پێشکەش کراوە کە بریتین لە فراکسیۆنەکانی(کوردستانی، ئەنجومەنی گەلی سریان کلدان ئاشوری ، رافیدەین ،حزبی سوسیالست دیموکرات ، عەدالەت و ئازادی ،تورکمانی ھەولێر ، سەربەخۆ،چاکسازی تورکمانی ،بزوتنەوەی دیموکراتی تورکمانی )کە بەسەریەکەوە (٧٥)ئەندام پەرلەمانیان ھە یە، پرۆژەکانیش لە ٢٥/٦/٢٠١٣ پێشکەش کران و وێنەیەکیان لێ گەیشتە دەستی میدیاکاران و گفتو گۆیەکی چڕی لەناو دام و دەزگاکانی ڕاگەیاندن لێکەوتەوە،ئەنجام دانی ئاڵوگۆڕ لەناو ھەرپڕۆژە یاساو بڕیارێکیش لەماوەی نێوان پێشکەش کردنی تا پەسند کردنی پرسێکی ئاسایی و یاساییە ، بۆیە جەخت لەو ڕاستیە دەکەینەوە کە پڕۆژەکان پڕۆژەی (٩) فراکسیۆنی پەرلەمانین کە بەرجەستەکەری ویست وشەرعیەتی (٧٥) ئەندام پەرلەمانن و ھەرلە پێشکەش کردنی پڕۆژەکەشدا ئەوە دەردەکەوێ کەزۆرینەی ھەرەزۆری فراکسیۆن و ئەندامانی پەرلەمان لەگەڵ پێشکەشکردنی پڕۆژەکان بوون و پشتیوانیان کردووەو دەنگیان بۆداوە .
٢. ئەگەرلەکاتی پێشکەش کردنی پڕۆژەکاندا و پاشان لەکاتی گفتوگۆو دەنگدان لەسەریان پشێویء نائارامی لەناو ھۆڵی پەرلەماندا ڕوویدابێت ئەوا ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی فراکسیۆنەکانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتیش فراکسیۆنی گۆڕان کە لەجیاتی وێناکردنی نموونەیەکی جوانی ئۆپۆزسۆن و کاری پەرلەمانی کە جەخت لە گفتوگۆ و پابەندبوون بە پەیڕەوی ناوخۆو ڕێکارە یاساییەکان دەکات، کەوتنە شکاندنی شاشەی نیشاندانی کۆبونەوەکان و تێکدانی سیستەمی ئەلکترۆنی قسەکردن و بوتڵی ئاو ھاویشتن و ھات و ھاواری ناشارستانیانە و تەنانەت بەشێک لە ئەندام پەرلەمانەکانیان کەوتنە بەشینەوەی جوێن و قسەی سوک و سەرەنجام بەڕاستی داھێنانیان کرد لە ھێنانی ئامرازی تێکدەرانەی کەش و ھەوای کۆبونەوەکان لەڕێگای ئامادەکردن و ھەوڵی ھێنانە ژورەوەی (لەفەی فیکە) بەمەش چەندین بەڵگەی تازەیان خستەروو کە زیاتر ئەوڕاستیەمان بۆدەسەلمێنن کە سروشتی کاری ئەوان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی یەک ناگرێتەوە.
٣. پێشکەش کردنء پەسەندکردنی ھەردوو پڕۆژە یاسا بەم مەبەستانەی خوارەوە بوووە:-
ڕ- لەیاسایەی درێژکردنەوەی خولی پەرلەمان تا ١/١١/٢٠١٣ جەخت لەوە کرایەوە کە دوای ٢٠/٨/٢٠١٣ کەماوەی یاسایی خولی ئێستای پەرلەمان تەواو دەبێت ء فەراغی قانونی دروست دەبێت ئەم فەراغە پڕ بکرێتەوە تا لەبەڕێوەبردنی وڵاتء دەرکردنی یاساء بڕیاری پێویست فەراغ دروست نەبێتء تووشی پاشا گەردانیء ھەلو مەرجی نەخوازراو نەبین واتە مەبەست پڕکردنەوەی فەراغی یاسایی بووە لەلایەکی تریشەوە وەک لەیاساکەدا ھاتووە دەبێـت لە ٢١/٩/٢٠١٣ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت واتا لەلایەکی ترەوە مەبەستێکی دی لە دەرکردنی یاساکە جەخت کردنەوەیە لەئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمان نەک دواخستنی.
ب- لەیاسای درێژکردنەوەی ماوەی ولایەتی سەرۆکی ھەرێمیشدا جەخت لەوەکراوەتەوە کە دەبێت پڕۆژەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بەتەوافق ھەموار بکرێتەوەء پاشان بخرێتە ڕاپرسی، واتە بەمەبەستی پڕکردنەوەی فەراغی دەستووری دەرچوێنراوە، چونکە بەھۆی نەبوونی دەستورەوەیە کە ئێستا لەھەرێمی کوردستان چەندین گیروگرفتی یاساییء سیاسی دروست بووەو بوونی دەستوورھەم دەبێـە مایەی چارەسەری ئەم گرفتانەء ھەم قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستیانیش کامڵ ء بەھێزتر دەکات ، لەلایەکی تروە مەبەستێکی تری یاساکە پڕکردنەوەی فەراغی یاساییە چونکە وەک لەماددەی ٤ی بڕگەی ٣ی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم ژمارە ١ ساڵی ٢٠٠٥ ھەموارکراودا ھاتووە دەبێـت سەرۆکی ھەرێم فەرمانێک دەربکات بۆ بانگھێشتی پەرلەمان بۆ گرێدانی خولی تازە، ئەگەر سەرۆکی ھەرێم ماوەی یاسایی تەواو بێت ئەی کێ داوا بکاتء چۆن داوا بکرێت کە پەرلەمانی تازە ھەڵبژێردراو کۆببێتەوە؟
لەکۆتاییدا ئێمە وەک فراکسیۆنی کوردستانی جەخت لەوە دەکەینەوە کە پێشکەش کردنی ھەردوو پڕۆژەء پاشان پەسەندکردنیان بەتەواوی بەمەبەستی پڕکردنەوەی فەراغی دەستووری ء قانوونی بووە تا بتوانین لەئاییندەدا سەروەری دەستووریء یاسایی زیاترء باشتر بچەسپێنین، دەشزانین ڕێگای چوون بەرەء ئەو ئامانجە بەگوڵ نەچێنراوە ء ڕووبەری کەندء کۆسپء چقڵ و دڕکی جۆراوجۆر دەبینەوە بەڵام پشت ئەستوور بەئیرادەی گەلەکەمان، ڕەوتی ئەو کاروانەمان ھەر بەردەوام دەبێت.
فراکسیۆنی کوردستانی
١/٧/٢٠١٣
