وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌خنه‌ له‌ شاندێكی باڵای عێراقی ده‌گرێت

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ره‌خنه‌ له‌ شاندێكی باڵای عێراقی ده‌گرێت
30 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ره‌خنه‌ له‌و شانده‌ باڵایه‌ی عێراقی ده‌گرێت كه‌ سه‌ردانی شارۆچكه‌ی دووزخورماتوویان كرد و له‌ راگه‌یه‌ندراوێكیشیدا بڕیاره‌كانی شانده‌كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراقی ده‌زانێت به‌وه‌ی جیاكارییان له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا كردووه‌.

به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی شارۆچكه‌ی دووزخورماتوو، ٢٧ی ئه‌م مانگه‌ شاندێکی باڵای حکومەتی فیدراڵی عێراق بە سەرۆکایەتی حوسێن شەھرستانی سەردانی دووخورماتووی کرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ جگە لە نوێنەری چەند وەزارەتێکی مەدەنی حکومەتی فیدراڵی عێراق , نوێنەرانی ھەردو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ له‌ شانده‌كه‌ ئه‌ندامیان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌هۆی جیاكاری له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا نوێنه‌رانی عه‌ره‌ب و كورد له‌گه‌ڵ ئه‌ندامێكی شانده‌كه‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان جێهێشتووه‌.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت: شاندی عێراقی به‌بێ نوێنه‌ری هه‌رێمی كوردستان، تاكلایه‌نانه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دانیشتووانی خوورماتوو، سه‌ردانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی كردووه، له‌ كاتێكدا خوورماتوو یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم به‌پێی رێككه‌وتنی كۆتایی 2009 ده‌بێت ئه‌و ناوچانه‌ لەگشت رووەکانەوە لەنێوان ھەردوو ئیدارەی ھەرێمی کودرستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە ئیدارە بكرێت.

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوار خاڵدا له‌ باره‌ی شاندی باڵای عێراقی بۆ خوورماتوو و بڕیاره‌كانی شانده‌كه‌ تێبینی و ره‌خنه‌كانی خستۆته‌ڕوو:

- قەزای ( دووز خورماتو ) یەکێکە لەو ناوچانەی کوردستانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و ناوچەی ناکۆکی لەسەرە و بەپێی رێکەوتنی کۆتایی ساڵی ( ٢٠٠٩ ) ئەو جۆرە ناوچانە دەبێت بە ھاوبەشی لەگشت رووەکانەوە لەنێوان ھەردوو ئیدارەی ھەرێمی کودرستان و حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە ئیدارە بدرێت, بەڵام ئێمە نە نوێنەرمان ھەبووه‌ لەو شانده‌ و نە ئاگاداری ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان بووین و لەبەر ئەو ھۆکارانەش بە ھیچ شێوەیەک پابەندی ھیچ لەو بڕیارانەی ئەو کۆبونەوەیە نابین.

- تیرۆرستان لە ئەنجامدانی کاری تیرۆرستی ھیچ جیاوازییەک ناکەن لە نێوان ھاوڵاتیان لەھەر نەتەوە و ئایین و تایفەیەک بن, بەڵام لێرەدا سەیرمان پێدێت کە یەکێ لە بڕیارەکانی وەفدەکە ھێنانی ھێزی زیاترە بۆ ناو شاری (دووزخورماتو) و تەنھا بۆ پاراستنی گەڕەکەکانی برایانی ( تورکمان ) کە ئەم کارە جۆرێکە لە جیاوازکاری لە نێوان ھاوڵاتیانی دانیشتوی قەزای ( دووزخورماتو ) چونکە پێکھاتەی دانیشتوانی ( قەزاکە ) تێکەڵاوە لە برایانی نەتەوەی عەرەب و کوردو تورکمان و لە بنەرەتدا ھێنانی ھێزی زیاتر بۆ ناو شاری ( دووزخورماتو ) و لە پارێزگایەکی تر کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکو ئاڵۆز تری دەکات.

- دامەزراندنی فەوجێکی ( سەحوە ) تەنھا بۆ برایانی تورکمان کارێکی نا دەستورییە چونکە پێکھێنانی ھەر ھێزێکی غەیرە نیزامی و بۆ ھەر نەتەوە و ئایین و تایفەیەک کارێکە دژ بە ( بڕگەی ( ب ) ی یەکەمی ماددەی ٩ی دەستوری دەولەتی فیدراڵی عێراقە ).

- پێکھێنانی فەوجێکی پۆلیسی ته‌واری بۆ قەزای ( دووزخورماتو ) کە نیوەی لە برایانی نەتەوەی تورکمان بێت و نیوەکەی تری لە برایانی عەرەب و کورد بێت، ئەم بڕٍیارەش جیاوازکاریێکی ئاشکرایە لەنێوان ھاوڵاتیانی دانیشتوی قەزای ( دووزخورماتو ) و کارێکە دژ بە ( بڕگەی ( أ ) ی یەکەمی ماددەی ٩ی دەستورە ) کە بە پێی ئەو بڕگە دەستورییە دەبێت ھەر نەتەویەک بە پێی رێژەی لە پێکھاتەی گشتی دانیشتوانی قەزای ( دووزخورماتو ) پشکی ھەبێت لە پێکھاتەی گشتی ئەو فەوجە.

لە کۆتایدا راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم ده‌ڵێت: بەڕای ئێمە تاقە چارەسەر بۆ ھەڵومەرجی ئێستاکەی شارۆچكه‌ی دووز جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاترە بۆ دانیشتوانی شارۆچكه‌كه‌ و توندوتۆڵکردنی گیانی تەبایی و برایەتی لە نێوان گشت پێکھاتە جیاوازەکانی نەتەوەیی و ئایینی و تایفی شارۆچكه‌كه‌، له‌گه‌ڵ پەیڕەوکردنی کاری ھاوبەشە لە نێوان یەکە ئیداری و سەربازی و ئەمنییە جیاوازەکانی شارەکەیە.
Top