وەزارەتی پێشمەرگە سەربازەكانی لیوای 16ـی دامەزراند

وەزارەتی پێشمەرگە سەربازەكانی لیوای 16ـی دامەزراند
25 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- ئەفسەرێكی لیوای 16ـی سەربە فیرقەی چواری سوپای عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند، وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێم، بڕیاری دا بە دامەزراندنی زیاتر لە 1300 سەربازی كوردی لیوای 16 و مووچە ئەو دوو مانگەیشیان دەداتێ كە وەزارەتی بەرگریی عێراق نەیدابوونێ.
ئەو ئەفسەرە كوردەی كە نەیەویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری ڕاگەیاند، \"بڕیارەكەی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی دامەزراندنمانەوە، دوێنێ دووشەممە پێمان گەیشت، هاوكات ناسنامەی پێشمەرگەیشمان بۆ كراوە، بەڵاَێنیشمان پێ دراوە مووچەی دوو مانگمان بدرێتێ، لە شوێنێكی دیكەیش جێگیر كراوین كە دەكەوێتە نزیك شارۆچكەی كفری، ئەو بنكە كۆنەمان جێ هێشت كە نزیك لە دووزخورماتوو بوو.\""
پێشتر، فەرماندەی هێزی پیادەی سوپای عێراق، عەلی غێدان ڕایگەیاندبوو، ئەنجوومەنی لێكۆڵینەوە لە شێوازی مامەڵەی ئەفسەرە كوردەكانی لیوای 16 دەكۆڵێتەوە كە پێوەندییان بە وەزارەتی پێشمەرگەوە كردووە، چونكە سەرپێچییە لە فەرمانی سەربازی؛ هاوكات بڕیاری دادگاییكردنی فەرماندەی لیوای 16، عەمید بەختیار سدیقیشی دەركردووە.
سەرچاوەكەی پەیامنێر زیاتر گوتی، \""دۆخی سەربازە كوردەكان باشە و لە شوێنی جێگیربوونە نوێكەیان بە شێوەیەكی باشتر ڕێكخراوە، وەهایش بڕیارە لە خولێكی ڕێكخراودا لە شاری سلێمانی مەشقمان پێ بكرێت، لەپێناو ڕێكخستنەوە و دابەشكردنمان لە بنكەكانی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە.\""
وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشتر وەزارەتی بەرگریی عێراقی بە بڕینی مووچەی 1374 سەربازی كورد تۆمەتبار كرد، كە لە نێویاندا ئەفسەرانی پارێزگای كەركووكی تێدابوو، ئەمەیش بەو هۆیەی كە فەرمانی گوازتنەوەیان كە بۆ ناوچەكانی باشووری عێراق بوو، ڕەت كردەوە؛ هاوكات هۆشداریشی دا \""ئەگەر بێت و حكوومەتی عێراق وەڵامی داواكارییەكانی لیواكە نەداتەوە، ئەوا یەكلایەنە كێشەكان چارە دەكەن، ئەمەیش لەپێناو پاراستنی ناوچەكە لە كردەوە تیرۆریستییەكان.\""
فەرمانەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، گوازتنەوەی لیوای 16 بوو باشووری عێراق و هێنانی لیوای 9ـی فیرقەی 9 بوو بۆ جێگەكەیان، بەڵام لیوای 16 فەرمانەكەی ڕەت كردەوە و بە هۆیەوە، لە ئایاری ڕابردووەوە مووچەیان پێ نەدرا تا ئێستایش كێشەكەیان چارە نەكرا."
Top