وەزارەتی كاروباری شەهیدان كار بۆ جولاندنی 16 كەیسی پەیوەندار بە كورد دەكات
موحسین شێروانی بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوونی كەیسەكان لە دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق رایگەیاند: دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوو هەرێمی كوردستان توانی لە رێگەی دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق ژمارەیەك كەیس لەو تاوانانەی كە رژێمی لە كارلادراوی بەعس لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی لە عێراق دژ بە گەلی كوردستان ئەنجامی دا بوو و كورد لە بەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە، ئێستاكە كار بۆ جولاندنی 16 كەیسی دیكەش دەكات.
روونیشیكردەوە: ئەو 16 كەیسانەی كە بە نیازین لە دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق كاری لەسەر بكەین بەشێكی تر لەو تاوانانەیە كە رژێمی بەعس بەرامبەر بە گەلی كوردستان ئەنجامداوە، بۆ نموونە كەیسی كۆمەڵگوژی سۆریا، پشدەر و راگواستنی خەڵكی پشدەر و سەید سادق و چەند كەیسێكی تر بۆ ئەوەی وەك جینۆساید بێنە ناساندن، هەوڵیش دەدەین بەم نزیكانە سەردانی بەغدا بكەین بۆ ئەوەی بە دوا داچوون لەسەر ئەو كەیسانە بكەین.
