ئەو کۆبوونەوەیەی کە وەها بڕیار بوو سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان سازی بدات، بە هۆی ئامادانەبوونی سەرۆکی پەرلەمانەوە، بۆ سبەی دووشەممە دواخرا. پیشتر ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، تاریق جەوهەر ڕایگەیاندبوو کە بۆ تاوتووکردن و بریاردان لەسەر پرۆژەی دەستووری ھەرێم، بریارە ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتیی پارلەمانی کوردستان لەگەڵ ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێم کۆ بێتەوە، بەڵام وەک ئەوەی ئاژانسی هەواڵی پەیامنێر زانیویەتی، هۆكاری دواكەوتنەكە بە هۆی كاری تایبەتی سەرۆكی پەرلەمانەوە بووە.