%69ی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خۆكاندیدكردنەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندان
بەیانی ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، سەنتەری ئاسوودە كە ڕێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنییە ڕوونی كردەوە، لەماوەی ڕابردوودا یەكەم ئەڵقەی زنجیرەی ڕاپرسییەكانیان ئەنجامداوە كە تیایدا 3 هەزار فۆڕم دابەشكراوە و لەو فۆڕمەدا چەند پرسیارێك ئاراستەكراوە لەوانە بەشداریكردنی لیستەكانی دەسەڵات بە جیاواز و كاری لیستی سەركەوتووی هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو و كاندیدی سەرۆكایەتی هەرێم و بەڵێنەكانی ئۆپۆزسیۆنیش.
لەبارەی پرسیارێكیش كە تایبەتە بە ڕێژەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، %60ی هاووڵاتیانی هەرێم ئامادەی چوونن بۆ سەر سندوقەكانی دەنگدان و 29%یشیان تا ئێستاكە نازانن دەچن بۆ دەنگدان یان نا؟.
لەبارەی ئەو ڕاپرسییەیانەوە، مازن مستەفا، سەرپەرشتیاری سیاسی ڕێكخراوی ئاسوودە، گوتی: ئەم ڕاپرسییە یەكەم ئەڵقەی زنجیرەیەك ڕاپرسییە كە تاوەكو 21/9ی ئەمساڵ ئەنجامی دەدەین و هەر جارەو تەوەڕێك لە خۆی دەگرێت و لە دووەم ئەڵقەی ئەم ڕاپرسییەدا تایبەت بە دەستووری هەرێمی كوردستان دەبێت.
