بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی بواری گواستنەوە کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدرێت
دوای گفتوگۆیەکی تێروتەسەل بڕیاری درا لەسەر سازدانی کۆنفرانسێک له ساڵی داهاتوو بۆ تاوتوێکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان بە شێوازێکی سەردەمیانە بە بەشداری لایەنە پەیوەندارەکان.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا کۆکردنەوەی داتا و زانیارییەکان لەسەر ئامرازەکانی گواستنەوە بە گشت جۆرەکانی (هێڵەکانی ناوشار، دەرەوەی شار ، بارهەڵگرەکان) بڕیاری لەسەردرا و بە پێویست زانرا کە وەزارەت داتابەیسێکی بۆ کەرتی گواستنەوەی هەبێت و بە پێی ئەم داتابەیسە وەزارەت پلانی ستراتیژی بۆ کەرتی گواستنەوە دابرێژێت و سوودی دەبێت لە دەرکردنی بڕیارەکان کە تیایدا رەچاوی بەرژەوەندی گشتی بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکە پێداگری کرا لەسەر بەکارهێنانی ئارمێکی یەکگرتوو لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوە تا کۆتایی نوێکردنەوەی ئارمەکان و دەرکردنی بڕیاری نوێ، بۆ ئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە تۆمار کراون بناسرێنەوە و ئەمەش هاوکار دەبێت بۆ رێکخستنی کەرتی گواستنەوە.
بڕیارێکی دیکەی کۆبوونەوەکە لەمەڕ پێدانی هێڵی نوێ بوو، کە بڕیار درا پێدانی هێڵی نوێ له رێگای لێژنەی سەرپەرشتی گواستنەوەی ناوشارو شارۆچکەکان بێت کە پێکدێت لە ئەندامێتی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گواستنەوەو لایەنە پەیوەندارەکان (پارێزگا، قایمقامیەت، پۆلیسی هاتووچۆ و سەندیکای گواستنەوە) و بەشێوەی تیروپشک بێت.
هەروەها جەختکرایەوە لەسەر بڕیاری کۆبوونەوەی پێشوو کە بە هیچ شێوەیەک نابێت شۆفێری تاکسی و پاسەکانی ناوشار و دەرەوەی شار فەرمانبەری میری بن و ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هاتووچۆ سەربە وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێ بکرێت.
لە کۆتایی کۆبووەنەوەکە بڕیاردرا کە ئەم کۆبوونەوە فراوانانە بەردەوام بێت بۆ بەدواداچوونی بڕیارەکان و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی دروست دەبێت.
