ئاكەپە: كێشەی پاركی گەزی بە رێفراندوم چارەسەر دەكرێت
لەمبارەیەوە كەناڵی سی ئین ئینی توركی بڵاویكردۆتەوە كە دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوندی پارتی داد و گەشە پێدان، وتەبێژی ئەو پارتە حوسێن چەلیك رایگەیاندووە كە لە نێو كۆبوونەوەكەدا باسێكی زۆر بەرفراوان لە سەر چۆنیەتی چارەسەركردنی كێشەی پاركی گەزی كراوە.
چەلیك ئاماژەی بەوە كردووە كە هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بڕیاری سەرۆكی گشتی ئاكەپە بۆ سازدانی ریفراندۆم لە سەر كێشەی پاركی گەزی گفتوگۆی لەمەڕ كراوە و ئەم پێشنیارەش بە كۆیدەنگ پەسەند كراوە، بۆیە حكوومەت دەستی بە ئامادەكاری بۆ بەرێوەبردنی ریفراندۆم لە سەر كێشەی پاركی گەزی لە شاری ئەستەنبۆڵ كردووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە كە بە هۆی خۆپیشاندانەكانی پاركی گەزییەوە زیاتر لە 291 دووكان، 271 ماشینی هاووڵاتییان سوتێندراون و 116 ماشینی پۆلیس و 41 ئامبولانس و 14 باڵاخانەی ئاكەپەیش خراپ بوون.
