لەكۆبوونەوەیەكدا باس له میكانیزمێكی تۆكمە بۆ برەودان بە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی لەبواری كشتوكاڵی كرا
لە دیدارەكەدا كە ژمارەیەك لەبەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت ئامادەی بوون ،چەندین تەوەر قسەو باسی دەربارەكرا، لەوانە هەماهەنگی و هاوكاریی زانستی لە نێوان وەزارەت و كۆلیژی كشتوكاڵی دهۆك بە تایبەتیش جەختكرایەوە لەسەر ئامادەكردنی توێژینەوە بۆ ئەنجامدانی هەر پرۆژەیەك كە لە بواری كشتوكاڵدا پێشكەش بكرێت، لەم رووەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێستا لە سەرجەم جیهاندا گۆڕانكاریی لە كەش و هەوا هاتۆتە ئاراوە،بۆیە پێویستە هەموو لا یەك ئاگاداری ئەو خاڵە گرنگە بین بە تایبەتیش ئەوەی كە پەیوەستە بە بواری بەرهەمهێنانی كشتوكاڵی كە ئامانجی سەرەكی هەمووشمان زیادكردنی بەرهەم و پارێزگاری لێكردنییەتی،لەمەشدا وا پێویست دەكات كە ئاگاداری زانینی شێوازەكانی ئەو گۆڕانكارییانە بین كە كاریگەریی راستەوخۆیان بۆ سەر كشتوكاڵ هەیە لە رووی دەستنیشان كردنی ئەو جۆرە بەرهەمانەی كە بەرگری گەرماو وشكەساڵی و كەمیی ئاو دەكەن.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جەخت كرایەوە لەسەر ئەوەی كە لە داڕشتنی پلانی ستراتیژیی وەزارەت پێویستە پسپۆڕان و شارەزایانی كۆلیژی كشتوكاڵ بەشداری تێدا بكەن و شان بە شانی وەزارەت بەرپرس بن لەسەركەوتن و شكستهێنانی ئەو پلانە،هەروەها ئەوانەی كە نامەی ماستەرو دكتۆرا ئامادە دەكەن دەبێ بە شێوەی مەیدانی لەگەڵ جووتیاران و لایەنی پەیوەندیدار توێژینەوەكەیان تەواوبكەن بۆ ئەوەی ئەنجامەكەی روون و ئاشكرا بێت و خزمەتی پرۆسەی كشتوكاڵ بكات،لە كۆبوونەوەكەدا هەردوو لا گەیشتنە ئەو بیرۆكەیەی كە لەمەودوا بە بڕیارێك زیاتر هەماهەنگی و هاوكاری بكرێت بە دانانی رێنمایی و بودجەی پێویست و هەماهەنگی نێوان هەردوو وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵاو لێكۆڵینەوەی زانستی بەمەبەستی دەست نیشانكردنی میكانیزمێك بۆ دانانی پرۆتۆكۆلێك تاكو تەكنیكارانی هەردوولا بگەنە ئەنجامێك كە خزمەتی پرۆسەی كشتوكاڵ بكات و دواتر هەردوو وەزارەت پێوەی پابەندبن .
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا رێككەوتن لەسەر بەردەوام هەماهەنگی كردن و گفتوگۆكردن بە مەبەستی زیاتر برەودان بە پرۆسەی كشتوكاڵ،لە لای خۆشیەوە راگری كۆلیژی كشتوكاڵی دهۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆلیژەكە دووپاتیان كردەوە كە ئەوان بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگاكە هەماهەنگی دەكەن و كێشەكانی پەیوەست بە بوارە جیاجیاكانی كشتوكاڵ چارەسەر دەكەن.
