تاقیكردنەوە بە دەرچوانی پەیمانگاو زانكۆ ئەهلیە ئیسلامیەكان دەكرێت

تاقیكردنەوە بە دەرچوانی پەیمانگاو زانكۆ ئەهلیە ئیسلامیەكان دەكرێت
17 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم رایگەیاند: تاقیكردنەوە بە دەرچوانی پەیمانگا و زانكۆ ئەهلیە ئیسلامیەكان دەكرێت.
مەریوان نەقشبەندی، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: دوای هەوڵی بەردەوامی وەزارەتی ئەوقافی حكومەتی هەرێم بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو كەسانەی كەدەرچوی خوێندنگە و قوتابخانە ئیسلامیە ئەهلیەكان بوون و خاوەنی بڕوانامەی(دبلۆم - بەكالۆریوس - ماجستێر- دكتۆرا)ن و بڕوانامەكانیان بەرەسمی نەدەناسێنرا، مژدەیان دەدەینێ‌ كە دوای رێككەوتن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم و دامودەزگا پەیوەندیدارەكاندا، بڕیاردرا تاقیكردنەوەی شەشی ئامادەیی ئیسلامی بۆ ئەو بەرێزانە ئەنجام بدرێت
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، گوتی: دوای دەرچونیان، بروانامەكانیان بەرەسمی دەناسێنرێت. بۆ ئەو مەبەستە داوا لەسەرجەم ئەو بەرێزانە دەكەین كە لەساڵی 2008 تا 1/7/2012 بروانامە باڵاكانیان وەرگرتووە یان لێیان خوێندووە، بروانامە یان پشتگیری ئەو شوێنەی لەم ماوەیەدا لێیان خوێندووە لەگەڵ خۆیان بهێنن.
مەریوان نەقشبەندی، باسی لەوەشكرد کە لە بەرواری 1/7/2013 هەتا 1/8/2013 لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئەزمونەكان لەوەزارەتی پەروەردە خۆیان ناونوس بكەن و ناسنامەو پێداویستی شەخسی (ئەصلی و كۆپی) لەگەڵ خۆیان ببەن و ئەمەش دوا مۆڵەتە بۆ ئەو بەرێزانە كە لەدوای 1/8 رۆژ و كات و شوێنی تاقیكردنەوەكانیان دیاری دەكرێت و تاقیكردنەوەیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

Top