سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كرد
15 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- ئەمڕۆ شەممە لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بڕێت مەكگوورك جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێشوازی لەو هەنگاوانە كرد كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم و بەغدا نراون و سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراقیشی بۆ هەولێر بە گرنگ وەسف كرد و هیواشی خواست كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا هەرچی زووترە چارەسەر بكرێن. سەبارەت بە بارودۆخی ئەمنی عێراقیش بڕێت مەكگوورك نیگەرانیی خۆی ڕاگەیاند بەوەی كە ڕێژەی كردەی تیرۆریستی لە عێراقدا لە مانگی ڕابردوو بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و بۆ ڕێگەگرتن لەو دیاردەیە بە پێویستی زانی پڕۆسەی سیاسی چالاكتر بێت و لایەنەكان زیاتر لەیەك نزیك ببنەوە و داواشی لە سەرۆك بارزانی كرد كە یارمەتیی پڕۆسەی لێكنزیكبوونەوەی لایەنەكان بدات.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوە دا كە گفتوگۆ و ڕێككەوتن كارێكی باشە بەڵام بەو مەرجەی كە ڕێككەوتنەكان بخرێنە واری جێبەجێكردن و كاریان پێ بكرێت و، بۆ دەستپێكیش پێویستە حكوومەتی فیدڕاڵ هەنگاوی پڕاكتیكی بهاوێژێت و لە شوێنێك دەست بە چارەكردنی كێشەكان و كاراكردنی لیژنەكان بكات.هەروەها سەرۆك بارزانی ئامادەیی خۆیشی ڕاگەیاند كە یارمەتیی پڕۆسەی سیاسی بدات ئەگەر هەموو لایەنەكان ئەو قەناعەتەیان لا دروست بووبێت كە دەبێ كێشەكان چارەسەر بكرێن.

بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و دوا پێشهاتەكان و باری گوزەرانی پەنابەرانی سووریا تەوەرێكی دیكەی دانیشتنەكە بوو و، سەرۆك بارزانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی بە كەمترخەم زانی لە یارمەتیدان و بایەخدان بە باری ژیانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان. شاندی میوان وێڕای دەستخۆشی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكانی سووریا ئامادەیی وڵاتەكەیان ڕاگەیاند بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان و گەیاندنی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كە لە بەرانبەر ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كەمترخەم بوونە.
Top