نێچیرڤان بارزانى؛ شاعیری گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌س به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه

 نێچیرڤان بارزانى؛ شاعیری گه‌وره‌ شێركۆ بێكه‌س به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌واڵى ته‌ندروستیى شاعیرى گه‌وره‌ى كورد مامۆستا شێركۆ بێكه‌س ده‌پرسێت و هیواى چاكبوونه‌وه‌ و له‌شساخى بۆ ده‌خوازێت، ئاماده‌یى هه‌ر هاوكاریه‌كیشى بۆ ده‌رده‌بڕێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یرانى 2013، به‌ ناوى سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ و له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ خاتوو نه‌سرین – ى هاوسه‌رى شاعیرى گه‌وره‌ى كورد شێركۆ بێكه‌س له‌ ستۆكهۆلمى پایته‌ختى سوێد، سامى ئه‌رگۆشى سكرتێرى ڕۆژنامه‌وانیى نێچیرڤان بارزانى؛ وێڕاى گه‌یاندنى سڵاو و ڕێزى سه‌رۆك وه‌زیران و هیواى چاكبوونه‌وه‌ و له‌شساخى بۆ شاعیر، ئاماده‌یى نێچیرڤان بارزانى بۆ هه‌موو هاوكارییه‌كى به‌ڕێز شێركۆ بێكه‌س و له‌ئه‌ستۆگرتنى چاره‌سه‌ركردن و چاودێریى پزیشكى له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بێت نیشان دا و دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ خزمه‌تكردنى ئه‌و شاعیره‌ گه‌وره‌یه‌ى كورد به‌ ئه‌ركى خۆمان ده‌زانین.

لاى خۆیه‌وه‌ خاتوو نه‌سرین سوپاس و پێزانینى مامۆستا شێركۆ بێكه‌س و خانه‌واده‌كه‌ى بۆ ئه‌م خه‌مخۆرى و هه‌واڵپرسین‌ و به‌سه‌ركردنه‌وه‌یه‌ى نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست.

ماوه‌یه‌كه‌ بارى ته‌ندروستیى مامۆستا شێركۆ بێكه‌س – ى شاعیر تێكچووه‌ و له‌ ستۆكهۆلمى پایته‌ختى سوید له‌ ژێر چاودێریى پزیشكیدایه‌.
Top