رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات

رێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
13 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- سەرچاوەیەک لە نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە رێکخەری سیاسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.

لەمبارەوە دلاوەر ئاژگەیی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە KDP.infoراگەیاند کە لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، ڕۆژی چوارشەممە 12/5/2013سەردانی ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپای لە برۆکسلمان کرد و لە میانەی دیدارەکەدا کۆمەڵێک پرسی پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی ئەوروپا و عێراق و هەرێمی کوردستان باسیان لێوەکرا و باڵوێز بێرگەر رایگەیاند کە هەفتەی داهاتوو خاتوو (کاترین ئاشتن)ی نوێنەری باڵای سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و چاویان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار مسعود بارزانی دەکەوێت.

لە درێژەی لێداونەکەی ئاژگەیی ئاشکرای کرد شاندی نوێنەرایەتی چەند پرسێکی گرنگیان لە گەڵ شاندەکەی یەکێتی ئەوروپا تاوتوێکرد لەوانە پرسی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە و پرسی وزە و پرسی ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان.

هەروەها نوێنەری حکوومەتی هیوای خواست کە یەکێتی ئەوروپا گرنگی زیاتر بە ئاوارەکانی رۆژئاوای کوردستان بدات، کە لە کۆی 150 هەزار، سەد و چل هەزاریان لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و لەمبارەیەوە بیرۆکە و بەرنامەی ئەو هاوکاریانەیان داوەتە یەکێتی ئەوروپا. گوتیشی : باڵوێز کریستیان بێرگەر ئەو پرسەی بەهەند وەرگرت و بەڵێنیدا کە ئەوان لە ئۆفیسی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کاری جیدی لە سەر بکەن. سەبارەت بە پرسی وزەش وەکو ئاژگەیی گوتی: شاندی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاندووە کە هەفتەی داهاتوو یەکێتی ئەوروپا رێککەوتننامەیەکی نوێ لە گەڵ حکوومەتی عێراق لە بواری وزەدا واژوو دەکەن. سەبارەت بەو پرسە، دلاوەر ئاژگەیی هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو کە هەر رێکەوتننامەیەک لە گەڵ بەند و بنەماکانی دەستوری عێراقدا بگونجێت و بۆ خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بێت، ئەوان وەک هەرێمی کوردستان پێشوازی لێدەکەن.
Top