سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بالیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراق دەكات
11 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماساتۆ تاكائۆكا بالیۆزی نوێی ژاپۆن لە عێراقی فیدڕاڵ كرد.

لە دیدارێكدا سەرەتا بالیۆزی نوێی ژاپۆن خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدارە دەربڕی و دەستخۆشی لە سەرۆك بارزانی كرد بەهۆی ئەو سەقامگیری و بووژانەوەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە بە جۆرێك كە زەمینەی وەبەرهێنانی بیانی و هاتنی سەرمایەگوزارە ژاپۆنییەكان بۆ هەرێمی كوردستان زۆر خۆش بووە. هەروەها باسی خاڵە هاوبەشەكانی هەردوو گەلی ژاپۆن و كوردستانی كرد كە هەر دووكیان قۆناغی سەختی شەڕ و كارەساتیان تێپەڕاندووە و گوتی: كارەساتی هەڵەبجەیش هیچی لە هیرۆشیما و ناكازاكی كەمتر نییە بەڵام ژاپۆنییەكان بەردەوامبوون لە بنیاتنانی ئاییندەیەكی گەشەسەندوو و گەلی كوردیش دەتوانێ دواڕۆژێكی گەش بۆ خۆی بنیات بنێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی بالیۆزی تازەی ژاپۆن ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی گەلی ژاپۆن دا لە هاوكێشە ئابووری و دەولییەكان و بە گەلێكی مەزنی وەسف كرد. لەبارەی خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردیش سەرۆك بارزانی گوتی: گەلی كورد گەلێكی زیندووە و ویستی بۆ پێشكەوتن و ئاشتی هەیە و من شانازی بەوە دەكەم كە ئەندامێكی ئەم گەلەم چونكە لەدوای ڕاپەڕینی 1991 گەلی كورد بە ڕۆحێكی مرۆڤدۆستانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو سەربازانە كرد كە ڕۆژانێك دەستیان لە ئەنفال و كیمیابارانی گەلی كوردستان هەبووە. گەلی كوردستان هیچ كات بە دوای تۆڵەی كوێرانە نەبووە.

بارودۆخی سیاسی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو و، بالیۆزی ژاپۆن دەستخۆشی لە هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد بۆ هەوڵەكانیان لەپێناو سەقامگیری و چارەكردنی كێشەكان و هاتنی مالكیشی بۆ هەولێر بە بابەتێكی ئیجابی لە قەڵەم دا. هەروەها بالیۆزی ژاپۆن باسی باری گوزەرانی ئەو ئاوارانەی كرد كە لە سووریاوە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە و سەرۆك بارزانیش هیوای خواست كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیدی لە بەرانبەر باری گوزەرانی ئاوارەكانی سووریا لە هەرێمی كوردستان كەمترخەم نەبێت.
Top