هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای جێبه‌جێكردنی یاسای خزمه‌تی زانكۆیی ژماره 23ی ساڵی 2008ی عیراقی فیدرال په‌سندكرا
سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه كه‌له‌هه‌شت خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای هه‌مواركردنی دووه‌می یاسای ژماره 9ی ساڵی 2008ی تایبه‌ت به‌هه‌مواركردنی پیاده‌كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره ژماره 78ی ساڵی 1979ی هه‌مواركراو له‌هه‌رێمی كوردستان، خاڵی دووه‌میش بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پڕۆژه یاسای كانزا پۆڵاییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان، خاڵی سێیه‌میش بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای جێبه‌جێكردنی یاسای خزمه‌تی زانكۆیی ژماره 23ی ساڵی 2008ی عیراقی فیدرال‌و هه‌مواره‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان-عیراق، خاڵی چواره‌میش بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و په‌سندكردنی په‌یمانی هاوبه‌شی‌و گه‌شه‌پێدان له‌نێوان ده‌سه‌ڵاته گشتییه‌كان‌و رێكخراوه ناحكومییه‌كان، خاڵی پێنجه‌میش بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه یاسای هه‌مواركردنی یاسای وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازی له‌هه‌رێمی كوردستان، خاڵی شه‌شه‌میش بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پێشنیازی یاسای لیژنه‌ی ئۆلۆمپیی هه‌رێمی كوردستان، خاڵی حه‌وته‌میش بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پێشنیازی شوشتنه‌وه‌ی پاره (غسیل الاموال) له‌هه‌رێمی كوردستان، خاڵی هه‌شته‌م‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می پێشنیازی یاسای دیاركردنی نوێنه‌ر له‌گه‌ڕه‌ك‌و گونده‌كان.
سه‌باره‌ت به خاڵه‌كانی پێنجه‌م‌و شه‌شه‌م‌و حه‌وته‌م‌و هه‌شته‌می به‌رنامه‌ی كار كه‌خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می چه‌ند پڕۆژه یاسایه‌ك بوون له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه پێشنیازكرا كه ئه‌و چوار خاڵه بخرێنه پێشه‌وه، ئه‌م پێشنیازه‌ش خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا‌و به‌مجۆره به‌پێی هه‌ر چوار خاڵه‌كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه یاساكانی (هه‌مواركردنی یاسای وه‌زاره‌تی بازرگانی‌و پیشه‌سازی له‌هه‌رێمی كوردستان، پێشنیازی یاسای لیژنه‌ی ئۆلۆمپیی هه‌رێمی كوردستان، پێشنیازی شوشتنه‌وه‌ی پاره (غسیل الاموال) له‌هه‌رێمی كوردستان، پێشنیازی یاسای دیاركردنی نوێنه‌ر له‌گه‌ڕه‌ك‌و گونده‌كان) كرا‌و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه ئاراسته‌ی لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان كران به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنیان‌و ئاماده‌كردنی راپۆرتی لیژنه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌باره‌یانه‌وه.
به‌پێی خاڵی پێنجه‌می به‌رنامه‌ی كاریش دوای گۆڕانكاریكردن له ڕیزبه‌ندیی خاڵه‌كان، كه‌بریتی بوو له‌به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای هه‌مواركردنی دووه‌می یاسای ژماره 9ی ساڵی 2008ی تایبه‌ت به‌هه‌مواركردنی پیاده‌كردنی یاسای به‌كرێدانی خانووبه‌ره ژماره 78ی ساڵی 1979ی هه‌مواركراو له‌هه‌رێمی كوردستان، له‌دانیشتنی پێشووتردا له‌ئه‌نجامی گفتوگۆكردنیدا چه‌ند پێشنیازێك هاتنه ئاراوه، كه یه‌كێكیان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دابوون كه هه‌مواركردنه‌كه ره‌تبكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م پێشنیازه ده‌نگكی پێویستی نه‌هێنا‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه، پێشنیازێكی تریش ئه‌وه بوو كه گفتوگۆكردنی پڕۆژه یاساكه كه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاساكه پێشكه‌ش كراوه بۆ ماویه‌ك دوا بخرێت بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌تی زیاتر بۆ تاوتوێكردنی زیاتر‌و ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری، ئه‌م پێشنیازه‌ش خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌خاڵی شه‌شه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پڕۆژه یاسای كانزا پۆڵاییه‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان، به‌هۆی ئاماده‌نه‌بوونی راپۆرتی هاوبه‌ش له‌باره‌یه‌وه له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی كاروباری یاسایی‌و پیشه‌سازی‌و وزه، پێشنیازكرا ئه‌م خاڵه‌ش بۆ كاتێكی تر دوا بخرێت، ئه‌م پێشنیازه‌ش له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه به‌هه‌ند وه‌رگیرا‌و گفتوگۆكردنی پڕۆژه یاساكه بۆ كاتێكی تر دواخرا.
سه‌باره‌ت به خاڵی حه‌وته‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه بریتی بوو له‌خستنه‌ڕوو و گفتوگۆكردنی پێشنیازی یاسای جێبه‌جێكردنی یاسای خزمه‌تی زانكۆیی ژماره 23ی ساڵی 2008ی عیراقی فیدرال‌و هه‌مواره‌كانی له‌هه‌رێمی كوردستان-عیراق، بۆ ره‌خساندنی ده‌رفه‌ت له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان بۆ خۆ ئاماده‌كردن بۆ گفتوگۆكردنی پڕۆژه یاساكه، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه دانیشتنه‌كه بۆ ماوه‌ی نیو سه‌عات دواخرا.
پاشان دانیشتنه‌كه ده‌ستیپێكرده‌وه‌و ماده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه یاساكه كه‌تیایدا داوای جێبه‌جێكردنی یاسای خزمه‌تی زانكۆیی فیدرال ژماره 23ی ساڵی 2008و هه‌مواركراو به‌یاسای ژماره 32ی ساڵی 2012 له هه‌رێمی كوردستان‌و كاركردن به‌حوكمه‌كانی، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌و روونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌لایه‌ن لیژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه، ماده‌كه وه‌ك خۆی خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به ماده‌ی دووه‌میش كه تیایدا هاتووه ده‌سه‌ڵاته تایبه‌تمه‌ندییه كارگێڕی‌و زانستی‌و ئه‌كادیمییه‌كان له هه‌رێم شوێنی ده‌سه‌ڵاته فیدرالییه‌كانده‌گرێته‌وه له هه‌ر شوێنێكی یاساكه‌دا كه‌ناویان هاتبێت، دوای گفتوگۆكردنی خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌كۆی ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ی سێیه‌میش كه‌تیایدا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه له‌سه‌ر داوای وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا داواكراوه كه‌ته‌مه‌نی خانه‌نشینیی بۆ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی زانستی له مامۆستایان‌و یاریده‌ده‌رانی مامۆستا ئه‌وانه‌ی بكرێت به 66 ساڵ‌و بۆ هه‌ڵگرانی بڕوانامه‌ی زانستی له پسپۆڕان‌و یاریده‌ده‌ری پسپۆڕیش بكرێت به 70 ساڵ، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
ماده‌ی چواره‌یه‌میش كه‌تیایدا هاتبوو كار به‌حوكمه‌كانی یاسای ژماره 32ی ساڵی 2012ی هه‌مواری یه‌كه‌می ده‌كرێت له ڕۆژی 7/5/2012 ه‌وه، دوای گفتوگۆكردنی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه، ماده‌كه وه‌ك خۆی خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.
سه‌باره‌ت به‌ماده‌كانی (5و 6و 7و 8)ی پرۆِژه یاساكه‌ش كه‌ماده‌ی پرۆتۆكۆلی بوون‌و تایبه‌ت بوون به‌پابه‌ندكردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران‌و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان‌و به‌جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌و ده‌ركردنی رێنمایی پێویست له‌لایه‌ن وه‌زیری خوێندنی باڵا‌و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ئاسانكاریی جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌و كارنه‌كردن به‌هه‌ر ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك كه‌پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه بێت، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ر یه‌كه‌یان به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه په‌سندكران.
پاشان كۆی یاساكه‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا‌و به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستخۆشیی له‌ماندووبوونی لیژنه‌ی هاوبه‌ش‌و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرد‌و پیرۆزبایی له مامۆستایانی زانكۆ كرد.
به‌مجۆره سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه هێناو رایگه‌یاند: \"دانیشتنی داهاتوو سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی رۆژی چوارشه‌مه ده‌بێت\""."
