ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە هەرێم تا کۆتایی ساڵ دەگاتە 300 هەزار کەس
شەممەی ڕابردوو ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دا لە زیادبوونی ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێ و پێشبینی کرد ژمارەیان دوو هەندە زیاد بێت.
بەرپرسی کاروباری پەنابەران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئانتۆنیۆ گۆتێرێز لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسی لە ژنێف ڕایگەیاند، ئێستا یەک ملیۆن و 600 هەزار پەنابەری سووریا لە وڵاتەکانی عێراق، تورکیا، لوبنان، ئوردن و میسر نیشتەجێن و ڕۆژانە 7 هەزار کەسی دیکە لە سووریاوە ئاوارەی دەرەوە دەبن، ئەو پێشبینیی دەکات ژمارەی پەنابەران تا کۆتایی ساڵ بگاتە سێ ملیۆن و 500 هەزار کەس.
بە پێی دوائاماری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 هەزار کەس ئاوارەی سووریا نیشتەجێ کراون، ئەگەر پێشبینی نوێی بەرپرسی کاروباری پەنابەران لە ڕێکخراوەکە لەبەرچاوبگرین ئەوا پەنابەرانی سووریا لە خاکی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵ دەگاتە 300 هەزار کەس.
هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بە گوێرەی ستانداردە جیهانییەکان شوێنی پێویست بۆ پەنابەرانی سووریا دابین بکات و بەرپرسێکی حکوومیش ددان بەو ڕاستییەدا دەنێت.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم شوکر یاسین بۆ ڕۆژنامەی \"هەولێر\"" ڕوونی کردەوە کە کەمپی ئێستای پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان ستانداردی نێودەوڵەتی نییە، تێکچوونی ژمارەیەک خێوەت بە هۆی لافاو و با و تەنانەت گڕگرتنی ژمارەیەکیان و لێکەوتنەوەی چەندین قوربانی لە کەمپی دومیز سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە
لە تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە خاکی هەرێم کەمتر لە 40 هەزار کەس بوو، ژمارەی نوێی پەنابەران ئەمە دەردەخات کە لە ماوەی 10 مانگدا ژمارەی پەنابەرانی سووریا لە هەرێم نزیک بە چوار قات زیادی کردوە.
کەمپی دومیز لە سنووری پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە و بە گەورەترین کەمپ بۆ داڵدەدانی ئاوارەکانی سووریا لە هەرێمی کوردستان لە قەڵەم دەدرێت کە زیاتر لە 100 هەزار پەنابەری سووریای تێدا نیشتەجێ کراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران داوای کردووە چەند کەمپێکی دیکە بە ستانداردی جیهانی دروست بکرێت لە هەر یەک لە شارەکانی سلێمانی و هەولێر بۆ ئەوەی بەم شێوازەی ئێستا پەنابەرانی سووریا لە شارەکان پەرتوبڵاو نەبن و کاریگەریی خراپ لە دوای خۆیان بەجێ نەهێڵن.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە کۆنفڕانسەکەی ژنێڤ داوای زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار دەکات لە وڵاتانی پارەبەخش بۆ یارمەتیدانی خەڵکی سووریا کە کاریگەریی شەڕیان لەسەرە.
نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە، ئەگەر شەڕەکە ڕانەگیرێ ئەوا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخرێتە حاڵەتێکی زۆر خراپ کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەڵامدەری کاریگەرییەکانی نەبێت.
بەرپرسانی حکوومی لە هەرێمی کوردستان چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە کە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وەك پێویست هاوكاریی هەرێمی نەکردووە لە هاوكاری پەنابەرە سوورییەكان.
شەڕ لە سووریا زیاتر لە دوو ساڵە دەستی پێ کردووە و زیاتر لە 100 هەزار کەس بەهۆی ئەم شەڕەوە کوژراون.
-هەولێر"
