راپۆرت- سەردانەكەی مالیكی بۆ هەولێر

راپۆرت- سەردانەكەی مالیكی بۆ هەولێر
9 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- سەر لەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، نوری مالكی، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ و ئەندامانی کابینەکەی بە دوو فڕۆکەی جیاواز لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دابەزین و لەلایەن سەرۆک و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێکرا.

سەرۆك وەزیرانی عێراق بە فڕۆكەیەكی سەربازی گەیشتە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و ئەم سەردانەی مالیکی دوای نزیکەی مانگێک تێپەڕین بەسەر سەردانەکەی نێچیرڤان بارازانی بۆ بەغدا ئەنجام درا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خاو کردنەوەی گرژیەکانی نێوان هەریم و بەغدا سەردانی پایتەختی عێراقی فیدڕاڵی کردبوو.

هەر بەیانی دوای پێشوازیكردنەكەی، بۆ ماوەی 30 خولەك لەگەڵ سەرۆك بارزانی دانیشتن، دواتر چوون بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كە بە ئامادەبوونی زۆرینەی وەزیرەكان بەسترا. لە سەرەتای كۆبوونەوەكە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشداری لەگەڵ كردن و دواتر جێی هێشتن تاوەكو ئەندامانی كۆبوونەوەكە دانیشتی خۆیان بكەن.

دواتر بەمەبەستی كاراكردنی لیژنەكانی هەماهەنگی بۆ چارەسەری كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند، كۆبوونەوی نێوان سەرۆكوەزیرانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەستی پیێكرد كە تیایدا جێگرانی سەرۆك وەزیرانی هەردوو لا ئامادەبوون.

دوای ئەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە هەولێر سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کرد و لە کۆبوونەوەی نێوان ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و عێراقدا سەرپەڕشتیی کابینەی حکومەتی عێراقی کرد، پاشنیوەڕۆ گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چوونە ناو ژووری کۆبوونەوەی دووقۆڵیەوە.

دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەی نێوانیان هەر یەک له سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق له کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو. لەو کۆنگره رۆژنامەنووسیەدا لەبارەی پرسەکانی نەوت و گاز، مادەی١٤٠، هێزی پێشمەرگە، بەپارێزگا بوونی هەڵەبجه و چەند تەوەرێکی دیکه قسەیان کرد.

لەبارەی هێزی پێشمەرگ و گرێبەسته نەوتییەکان، "نوری مالیکی" سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوه کرد که ئەو کێشانەی ئێستا هەن، ئەگەر ئێستاش نەگەینه چارەسەرێک، هەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ چارەسەریی کێشەکان، سەربارەت به هێزی پێشمەرگەش مالیکی گوتی: "هێزی پێشمەرگه هیچ گرفتێکی نییه و به رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان قسەی زیاتری لەسەر دەکرێت."

لەبارەی سەردانەکەی نوری مالیکی بۆ هەرێمی کوردستان، "مەسعود بارزانی" وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی و هیوای خواست ئەو سەردانه ببێته مایەی پێشکەوتنی بارودۆخی سیاسی عێراق و چارەسەیی کێشەکان.

سەرۆکی هەرێم هەروەها هیوای خواست: له جیاتی سەرهەڵدانی کێشەی دیکه و هەموومان بگەڕێینەوه بۆ دەستوور که چارەسەریی هەموو کێشەکانی دیاری کردووه، ئەو لێژنانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا پێکهێندراون، کاراتر کاروبارەکانیان رایی بکەن به مەبەستی بنبڕ کردنی کێشەکان.

سەربارەت به پارێزگا بوونی هەڵەبجەشس، مالکی گوتی: هەڵەبجه وەک شارێک قوربانییەکی زۆری داوه بۆیه خەڵکی ئەو دەڤەره شایانی ئەوەن که قەرەبوویەکی مادی و مەعنەویی بەرچاو بکرێنەوه و من و کابینەکەم هیچ رێگرییەکمان نییه لەبەردەم بەپارێزگا بوونی هەڵەبجه.

سەبارەت به سەرژمێریی گشتیی عێڕاق و سنووری پارێزگاکانی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: یاسای سنووری پارێزگاکانی عێراقی له پەرلەمان پەسەند کراوه و لەلایەن سەرۆک کۆماری عێراقیش ئیمزا کراوه و هاوکات لەگەڵ ئەوەش، رێوشوێنەکانی سازدانی سرەژمێری، کاری وردی بۆ دەکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆنگره رۆژنامەونووسییەکادا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا، ئامادەیه بەمەبەستی چارەسەریی کێشەکان سەردانی بەغدا بکات و نوری مالکیش بانگهێشت بکات بۆ هەرێمی کوردستان نەک هەر سەردانی هەولێر، بەڵکو سەردانی هەموو ناوچەکانی کوردستان بکات.



















فۆتۆ: كەمال ئاكرەیی
Top