ده‌قی وتاری سه‌رۆك وه‌زیران لە یەكەم خولی دەرچوونی قوتابخانەی شوەیفات
كه‌سوكارى قوتابیان، میوانه به‌ڕێزه‌كان،
ئێواره‌تان باش و هه‌موو لايه‌كتان به‌خێر بێن، به‌سه‌ر چاو.
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه له ئاهه‌نگى ده‌رچوونى یه‌كه‌م پۆلى قوتابیانى قوتابخانه‌ى شوه‌یفاتى نێوده‌وڵه‌تى له هه‌ولێر، به‌شدار ده‌بم. به‌ر له هه‌موو شتێك ده‌مه‌وێ پیرۆزبایى له به‌ڕێز كارل بوستانى سه‌رۆكى ده‌زگاى سابیس بكه‌م بۆ تێڕوانین و ده‌سپێشخه‌ریى ئه‌و له بوارى په‌روه‌رده‌دا له هه‌رێمى كوردستان. هه‌روه‌ها لێره‌وه ده‌مه‌وێ سوپاس و ده‌ستخۆشى و پێزانينى خۆم ئاراسته‌ى وه‌زيرى پێشووى په‌روه‌رده به‌ڕێز عه‌بدولعه‌زيز ته‌ييب بكه‌م كه به ڕاستى هه‌وڵ و كۆششێكى يه‌كجار زۆرى دا، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م خه‌ونه‌ى ئه‌مڕۆى كه هه‌موومان كۆبووينه‌ته‌وه، جێبه‌جێ ببێت. زۆر خۆشحاڵ ده‌بووم ئه‌گه‌ر ئه‌ويش ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدار بووايه، به‌ڵام هه‌موومان ده‌بێ ڕێزى ئه‌و كاره گرنگه بگرين كه له‌و سه‌رده‌مه‌ى ئه‌و وه‌زيرى په‌روه‌رده بوو؛ ئه‌نجام درا، لێره له هه‌ولێره‌وه سڵاو و ڕێز و خۆشه‌ويستى بۆ به‌ڕێزيان ده‌نێرم. به دڵنیاییه‌وه به‌بێ هه‌وڵى به‌رده‌وام و پابه‌ندبوونیان، ئه‌مڕۆ ئه‌م ئاهه‌نگى ده‌رچوونه‌مان له هه‌ولێر نه‌ده‌بینى.
ئه‌م قوتابخانه‌یه تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه له په‌روه‌رده‌كردنی خوێندكار له ڕووی دیسپلن و پابه‌ندبوون به ڕێنمایی و ڕێساكانی قوتابخانه‌وه. ئه‌و ژینگه ته‌ندروسته‌ی له نێوان قوتابیان هه‌یه؛ توانیویه‌تی سیسته‌مێكى تازه‌ى خوێندن بێنێته ئاراوه، بۆیه لێره‌وه ده‌ستخۆشى له ته‌واوى تیمى ئه‌كادیمى و كارگێڕیى سابیس ده‌كه‌م. هه‌روه‌ها سوپاسێكى تايبه‌تى ئاراسته‌ى به‌ڕێز سه‌باح ئارام له به‌ڕێوه‌به‌رايه‌يتى قوتابخانه ده‌كه‌م كه ته‌شريفى هێناوه و ئه‌مڕۆ لێره له‌گه‌ڵمان به‌شداره، سوپاسى ده‌كه‌م كه بێگومان له‌و ماوه‌يه‌دا يه‌كجار زۆر ماندوو بووه به‌و كارانه‌ى ئه‌نجامى داون، زۆر سوپاس.
ده‌زانم و تێده‌گه‌م كاره‌كه‌تان ئاسان نه‌بوو، به‌ڵام ژینگه‌یه‌كى ئارامتان دابین كرد بۆ قوتابیان و كارى جددیتان كردووه بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ى كه منداڵانى ئه‌م قوتابخانه‌یه ببنه خاوه‌ن به‌هره‌یه‌كى بنه‌ڕه‌تى بۆ گه‌یشتن به ده‌رفه‌تى باش له ئاینده‌دا. زۆر سوپاس بۆ كارى دڵسۆزانه‌تان له‌پێناو پێگه‌یاندنى لاوانى به‌هره‌مه‌ند و خاوه‌ن توانا له هه‌رێمى كوردستان كه به ڕاستى پێويستيمان پێيان هه‌يه.
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز..
بۆ به‌رده‌وامبوون له كاروانى پێشكه‌وتن؛ حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك ئامانجى ستراتیژى بۆ دابینكردنى داهاتوویه‌كى خۆشگوزه‌ران و ئارام بۆ گه‌له‌كه‌مان ده‌كاته‌وه. ئه‌و ئامانجانه‌ش بریتین له په‌روه‌رده، ته‌ندروستى، ئاسایش، ووزه، ژێرخان و چه‌ندين كه‌رتى دیكه‌ى بنه‌ڕه‌تی. پێشتر ئاماژه‌م پێ داوه، ئێستاش دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه كه هیچ شتێك له خوێندن گرینگتر نییه. هه‌رچه‌نده له بواره‌كانى دیكه‌دا به‌ره‌وپێش بچین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر منداڵه‌كانمان خاوه‌ن زانست و په‌روه‌رده‌یه‌كى باش نه‌بن، ناگه‌ینه هيچ ئامانجێك.
له‌م قوتابخانه‌یه‌دا بایه‌خ به بنیادنانی كه‌سایه‌تیی خوێندكار درا كه بووه هۆى ئه‌وه‌ى قوتابى پشت به خۆى ببه‌ستێت و چۆنیه‌تیى گفتوگۆ و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه و شیكردنه‌وه و ڕه‌وانبێژی و داواكردنی مافی خۆی؛ بزانێت. ئه‌مانه هه‌مووی مایه‌ی خۆشحاڵیی ئێمه و سه‌ربه‌رزیی خیزان و خانه‌واده‌ی ئه‌م قوتابیه به‌ڕێزانه‌ن.
بێگومان ئه‌م پۆله ده‌رچووه خاوه‌ن به‌هره و توانان، هیوادارم سه‌رجه‌م قوتابیانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌مان ده‌رفه‌تى ئه‌م جۆره خوێندنه پێشكه‌وتووه‌یان له هه‌رێمى كوردستاندا هه‌بێت. هاوكات ده‌ستخۆشى له ده‌زگاى سابیس ده‌كه‌م بۆ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له قوتابخانه‌ى گشتی له هه‌رێم. ئه‌و پڕۆژه هاوبه‌شه بۆته مایه‌ى به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى په‌روه‌رده له قوتابخانه گشتیه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سه‌ركه‌وتنه‌ى له پڕۆژه‌ى PPP ـ ى هاوبه‌ش؛ له نێوان كه‌رتى تایبه‌ت و كه‌رتى گشتیدا به‌كار هاتووه.
له هه‌رێمى كوردستان ئابووریمان له گه‌شه‌كردنى به‌رده‌وامدایه، وه‌ك حكوومه‌ت ڕووبه‌ڕووى چه‌ندین پرسیارى وورد ده‌بینه‌وه، بۆ نموونه ئێمه قوتابی و خوێندكار له قوتابخانه و زانكۆكان پێده‌گه‌ینین، به‌ڵام ئایا توانیومانه ئه‌وه‌نده پسپۆڕ و شاره‌زا پێبگه‌یه‌نین كه له بواره جیاجیاكاندا به ڕاستى پێویستیمان پێان هه‌یه؟، به‌تایبه‌تیش له كه‌رتى تایبه‌ت له هه‌رێمى كوردستان.
ئێمه كاتێ ئه‌و پرسیاره ده‌كه‌ین، ئه‌وه خۆى له خۆیدا نیشانه‌ى سه‌ركه‌وتنه، چونكه ده‌بێته مایه‌ى ڕوونكردنه‌وه و به‌رچاوڕوونيى داهاتووى كۆمه‌ڵگاكه‌مان، هه‌روه‌ها ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وانه‌ى دێنه به‌رده‌م ڕه‌وتى ژیان له هه‌رێمى كوردستان. ده‌بێ هه‌موو كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى خوێندنى منداڵانمان هاوتا بێت له‌گه‌ڵ پێداویستى و ده‌رفه‌تى كار له هه‌رێمى كوردستان.
هیوادارم ده‌رچووانى ئه‌م قوتابخانه‌یه و ده‌رچووانى هه‌موو زانكۆ و كۆلیژه‌كان ڕه‌چاوى ئاست و پێویستیى ئه‌و توانایانه‌ى خۆيان بكه‌ن، كه له كوردستان ئێمه پێویستمان پێیه‌تى، ميلله‌ته‌كه‌تان پێويستى پێيه‌تى.
دایك و باوكانى خۆشه‌ویست..
ئێستا ساتێكى پڕ له خۆشى و ئاسووده‌یی یه بۆ ئێوه، گه‌لى كوردستان چه‌ندین ساڵ خه‌باتى كردووه بۆ به‌ده‌ستهێنانى داهاتوویه‌كى گه‌ش بۆ نیشتمانه‌كه‌يان، ئه‌م ئاهه‌نگه‌ش ئاماژه‌یه‌كه بۆ ئه‌وه‌ى ئێمه چه‌ند به‌ره‌وپێشه‌وه چووین. ئێمه له هه‌رێم به جددى كارمان كردووه بۆ دروستكردنى كه‌شێكى گونجاو، بۆ مسۆگه‌ركردنى ڕۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ كه جێى سه‌ربه‌رزيى هه‌موومان بێت. ئه‌م ده‌رچووانه‌ش هه‌وڵى جددییان داوه بۆ ئه‌وه‌ى سوود له‌و ده‌رفه‌ته وه‌ربگرن كه بۆیان ڕه‌خساوه.
چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ردى بناغه‌ى قوتابخانه‌ى شوه‌یفاتى نێوده‌وڵه‌تیمان له هه‌ولێر دانا و دواتر به‌شدار بووین له كردنه‌وه‌ى، ئێستاش خۆشحاڵم كه ئه‌و شه‌ره‌فه‌م پێ به‌خشراوه له ئاهه‌نگى ده‌رچوونیدا، له‌و ئاهه‌نگه‌ى كه هه‌موومان پێكه‌وه ده‌يگێڕين بۆ ئه‌م خۆشه‌ويستانه؛ به‌شدارم. قۆناغه‌كان سه‌ركه‌وتووانه به‌ره‌وپێش چوون و ئه‌مڕۆ بووین به خاوه‌ن كۆمه‌ڵێك گه‌نجى خاوه‌ن زانست و به‌توانا كه پێ ده‌نێنه قۆناغێكى دیكه‌ى ژیان و ئاینده له ووڵاته‌كه‌ماندا.
ده‌رچووانى ئازیز...
دواى چه‌ندین ساڵ له هه‌وڵدانى جددى، ئه‌مڕۆ كاتى ئاهه‌نگگێڕانه، بۆیه به گه‌رمى له ناخى دڵمه‌وه گه‌رمترين پیرۆزباییتان پێشكه‌ش ده‌كه‌م. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر مۆله‌تم بده‌ن حه‌ز ده‌كه‌م ئه‌مڕۆ چه‌ند ئامۆژگاریه‌كتان پێشكه‌ش بكه‌م.
ئێمه شانازی به ئێوه‌وه ده‌كه‌ین، چونكه ئێوه به دڵنياييه‌وه سه‌ركرده‌ی ئاینده و دواڕۆژی كوردستانن. خێزان و خانه‌وه‌ده‌كانتان شانازیتان پێوه ده‌كه‌ن. وا بیر مه‌كه‌نه‌وه كه ده‌رچوون؛ واته كۆتایی خوێندن، به‌ڵكوو ئه‌وه سه‌ره‌تاى ڕێگایه. ئێوه بناغه‌یه‌كى به‌هێزتان دانا بۆ فێربوون، بۆیه پێویسته لێهاتوویى و توانا و به‌خششى خۆتان به‌كار بێنن بۆ زانست و تایبه‌تمه‌ندیى زیاتر و خزمه‌تى زياترى ووڵاته‌كه‌تان. دواى چه‌ند ساڵێكى دیكه نابێ به‌ته‌نها خاوه‌ن بڕوانامه‌ى شوه‌یفات بن، به‌ڵكوو ده‌بێ شاره‌زایى ته‌واو له بوارێكى تایبه‌تدا به‌ده‌ست بهێنن، كه چه‌ند ساڵى داهاتوو هه‌موو هێز و تواناى خۆتان بخه‌نه گه‌ڕ، بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و بواره ده‌ستنیشان بكه‌ن كه خۆتان ده‌تانه‌وێ.
ئێوه كه له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام ده‌بن، جا چ له ناوه‌وه، یان له ده‌ره‌وه‌ى ووڵات بێت، له‌وانه‌یه ڕووبه‌ڕووى ئاسته‌نگ و سه‌ختى ببنه‌وه. بۆیه داواتان لێده‌كه‌م هه‌موو كاتێك ته‌نها بیر له كوردستان بكه‌نه‌وه، سه‌ركه‌وتنى هه‌رێمى كوردستان به ئێوه‌وه به‌نده، بژاره‌كانى ئێوه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێ بۆ وێناكردنى داهاتوويه‌كى گه‌ش بۆ هه‌رێمى كوردستان. ئێوه كه ده‌چنه شوێنێكى تازه، زانست و بیرۆكه‌ى نوێ فێر ده‌بن، بیر له‌وه بكه‌نه‌وه كه چۆن ده‌توانن ئه‌و زانست و زانیاریانه بخه‌نه خزمه‌تى گه‌له‌كه‌تانه‌وه. وه‌كوو تاكێك ڕه‌چاوى ئه‌و سووده بكه‌ن كه ده‌ستتان ده‌كه‌وێت و بیگه‌یه‌ننه گه‌ل و ووڵاته‌كه‌تان. ئه‌گه‌ر ئێوه ئه‌وه له‌به‌رچاو بگرن، دڵنیاتان ده‌كه‌مه‌وه كه بڕیاره‌كانتان ژیرانه و داهاتووشتان گه‌ش ده‌بێت.
له كۆتاییدا دووباره سوپاسى به‌ڕێوه‌به‌ر و كارمه‌ندانى قوتابخانه‌ى شوه‌یفاتى نێوده‌وڵه‌تى له هه‌ولێر ده‌كه‌م بۆ به‌رده‌وامیيان، پیرۆزبایى ده‌رچوون له ته‌واوى قوتابیان ده‌كه‌م و هیواى سه‌ركه‌وتن و داهاتوویه‌كى گه‌شتان بۆ ده‌خوازم.
زۆر به‌خێر بێن به‌سه‌ر چاو.
