لە رێگەی پێدانی زەوی بە عەرەبی دەرەوەی ناوچەکە، جارێکی دیکە جەلەولا تەعریب دەکرێت

لە رێگەی پێدانی زەوی بە عەرەبی دەرەوەی ناوچەکە، جارێکی دیکە جەلەولا تەعریب دەکرێت
لە درێژەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و کەسوکاری شەھیدانی جەلەولا لە لایەن شارەوانی دیالەوە بە بێ ئاگاداری ئیدارەی ناوچەکە، زەوی بە ھاووڵاتی عەرەبی دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی جەلەولا دراوە. بە وتەی سەرچاوەیەکیش پێدانی زەوی بەو عەرەبانە جۆرێکی دیکەی تەعریبکردنی ناوچەکەیە.


سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەزانی خانەقین سەمیر محەممەد نور تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا بۆ دووەمجارە زەوی بەسەر فەرمانبەر و کەسوکاری شەھیدانی سنووری جەلەولا دابەشدەکرێت کە بە پێی سیستەمی خاڵبەندییە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە، لە لایەن شارەوانییە گشتییەکانی دیالەوە بەبێ ئاگاداری ئیدارەی جەلەولا، پارچە زەوی دراوە بە ژمارەیەکی زۆر ھاوڵاتی بەڕەگەز عەرەبی دانیشتووی باقووبە و شارەبان و ناوچەکانی دیکەی دیالە کە ھیچ پەیوەندییەکیان بە جەلەولاوە نییە.

سەمیر محەممەد وتیشی: پێدانی زەوی بەو عەرەبانە لە لایەن حکومەتی دیالەوە ھەنگاوێکی دیکەی تەعریبکردنی شارەدێی جەلەولایە و بۆ رێگەگرتنیش لەو ھەنگاوە، ھەرچەندە لە شارەوانی جەلەولا مامەڵەی یاساییان بۆ کراوە، بەڵام ئەنجوومەنی شارەوانی خانەقین لە گەڵ ئیدارەی خانەقین بڕیاریانداوە مامەڵەی تاپۆکردنی زەوییەکان بۆ ئەو ھاووڵاتییە عەرەبانە ڕایینەکەن.

ئاماژەیدا: ئەو پارچە زەوییانەی دراوە بە ھاوڵاتیانی عەرەبی دەرەوەی جەلەولا و ژمارەیان لە ٢٠٠ پارچە زەوی زیاترە و لە کاتێکدا ئیدارەی خانەقین رەتیکردەوە مامەڵەکانیان بۆ بکەن، لە ئێستادا لە شارەوانییە گشتییەکانی دیالە سکاڵایان تۆماکردووە، بەڵام ئیدارەی خانەقین گوێ بەو سکاڵانە نادات.

شارەدێی جەلەولا سەر بە شاری خانەقینە و بەھۆی ھەڕەشەی تیرۆریستانەوە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە ھەزار خێزانی کورد ناوچەکەیان جێھێشتووە و لە بەرامبەریشدا رۆژ لە دوای رۆژی رێژەی عەرەبی ھاوردە لە سنوورەکە زیاتر دەبێت.
Top