فەلاح مستەفا بە جیا پێشوازی لە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق و هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عیراق كرد
لە دیدارەكەدا كە ئالان گێپت خات كونسوڵی گشتی فەرەنسا لە هەرێم ئامادەبوو ، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عیراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی كە دووبارە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردەوە بۆ لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە بەرەوپێشچوونەكانی عیراق و ناوچەكە بەگشتی و بیرو ڕا ئاڵوگۆڕینەوە سەبارەت بە قەیرانی ئێستای عیراق و هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی میكانیزمی گونجاو بۆ چارەسەەركردنیان.
فەلاح مستەفا هەڵوێستی هەرێمی كوردستانی روونكردەوە سەبارەت بە چۆنیەتی چارەسەركردنی قەیرانەكان كە بریتیە لە هاوبەشی راستەقینە لە دەسەڵات و سازانی نیشتمانی و چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەردوولا.
هاوكات تیشكی خستە سەر سەردانی ئەم دواییەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ بەغدا و سەردانی چاوەڕوانكراوی سەرۆك وەزیرانی فیدڕاڵ بۆ هەرێم و هیوای خواست ئاكامی باشی لێ بكەوێتەوە. هەروا گووتی ئێمە پێمان وایە بە پابەندبوون بە دەستوور و رێگەی دیالۆگ دەتوانین قەیرانەكان چارەسەر بكەین، بەڵام پێشبینی ئەوەش ناكەین هەموو كێشەكان بە خێرایی چارەسەر بكرێن. جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئێستا كاتی هەنگاوی پراكتیكیە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەكی قەیرانەكان.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە باس لە هەڵبژاردنەكانی هەرێم لە مانگی ئەیلول و قەیرانی سوریا و رەوشی ئاوارەكانی سوریا لە هەرێم و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كرا.
هەردوولا كۆك بوون لەسەر زیاتر پتەوكردنی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەڕەنسا بە شێوەیەك كە كۆمپانیا فەڕەنسیەكان رۆلی كارا ببینن لە ئاوەدانكردنەوەی هەرێم و تەواوی ناوچەكانی عیراق.
هەمان رۆژ فەلاح مستەفا پێشوازی لە خاتوو ستێفانی دوهیم هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی كەنەدا لە عیراق كرد. لە دیدارێكدا باس لە پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و وڵاتی كەنەدا لە چەندین بواردا كراو هەردوولا جەختیان لەسەر زیاتر پتەوكردنی ئەم پەیوەندیانە كردەوە.
لەلایەن خۆیەوە خاتوو ستێفانی دوهیم راگەیاند\" ئەو خۆشحاڵە كە جارێكی دیكە سەردانی هەرێمی كوردستانی كردەوەو هیوای خواست بتوانن زیاتر پەرە بە پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدەن. هەروا گووتی وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا بە بایەخەكی زۆرەوە دەروانێتە هەرێمی كوردستان و خوازیارە ئاستی پەیوەندیەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان فراوانتر بكەن، هەروا گوتی: كۆمپانیاكانی كەنەدا كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن هەمیشە داوا دەكەن حكومەتی كەنەدا نووسینگەیەكی نوێنەرایەتی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە بۆ زیاتر پێشكەشكردنی كارئاسانی و بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
لەبەرامبەردا فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند\"" حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگەرمی پێشوازی لە هەر هەنگاوێكی حكومەتی كەنەدا دەكات لە بواری كردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێم، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئالوگۆڕی سەردانی شاندی هەدوولاداو گوتی\"" خوازیارین زیاتر سوود لە سیستەمی فیدراڵی و ئەزموونی سەركەوتووی وڵاتی كەنەدا وەربگرین لەهەموو روێكەوە.
هەروەها رەوشی عیراق و پەیوەندی نێوان هەولێرو بەغدا و رەوشی ناوچەكە بەگشتی تەوەرێكی تری ئەم دیدارەبوو، لەم رووەوە بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوە رایگەیاند\"" هیوادارین ئەم هەوڵانەی سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەرئەنجامی گەیشتن بێت بە چارەسەری بۆ ئەوە كێشانەی تائێستا بێ چارەسەر ماون لە نێوان هەولێرو بەغدا."
