حکومەتی عێراق موچەی شەھید و بریندارە کوردەکانی لیوای ١٦ی سلێمانی دەبڕێت

حکومەتی عێراق موچەی شەھید و بریندارە کوردەکانی لیوای ١٦ی سلێمانی دەبڕێت
8 حوزه‌یران / یۆنیۆ (گوڵان میدیا)- پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا حکوومەتی عێراق بە بیانووی ئەوەی ئامادەنین فەرمانی سەرووی خۆیان جێبەجێ بکەن، مووچەی ١٢٠٠ ئەفسەر و سەربازی کوردی لیوای ١٦ سلێمانی بڕی، ھاوکات لە گەڵ ئەوانەشدا مووچەی شەھید و بریندارە کووردەکانی لیواکەشی بڕیووە.


وتەبێژی لیوای ١٦ی سلێمانی سەر بە فیرقەی چواری سوپای عێراق نەقیب رێکەوت محەممەد تایبەت بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لە گەڵ برینی مووچەی لیواکەیان کە لە مانگی ئایارەوە بڕاوە، ھاوکات مووچەی ئەو شەھید و بریندارە کوردانەش بڕاوە کە دەبێت تاوەکو ماوەی دوو ساڵ لە وەحدەکانی خۆیان مووچە وەرگرن.
نەقیب رێکەوت ئاماژەشیدا، دوای برینی مووچەکە ئێستا داوایان کردۆتەوە بە لیستێک ناوی ئەو شەھید و بریندارانە بەرزبکرێنەوە گوایە موچەکانیان پێ دەدرێت.
سەبارەت بە مووچەی لیواکەیان کەلە مانگی ئایارەوە بڕدراوە، وتەبێژی لیوای١٦ سلێمانی رایگەیاند، حکوومەتی ھەرێم بەڵێنی داوە مووچەکەیان بۆ سەرف بکات و بۆ ئەو مەبەستەش ماوەی پێنج رۆژە نوسراویان ئاراستەی حکوومەتی ھەرێم کردووە.
بە بیانووی ئەوەی ئامادەنەبوون بەشداری خولی راھێنان بکەن لە ناوچەی کەرەکوشی پارێزگای دیالە و ھەروەھا ئامادەنەبوون فرۆکەخانەی دووزخورماتوو چۆڵ بکەن بۆ لیوایەکی عەرەبی ناوەراست و باشوور، لە گەڵ جێبەجێنەکردنی فەرمانی گواستنەوەی١٤ ئەفسەری کورد و لە ناویاندا فەرماندەی لیواکە، حکوومەتی عێراق لە مانگی ئایارەوە مووچەی زیاتر لە ٩٠٠ سەرباز و ٩٥ ئەفسەری کوردی لیوای ١٦ی سلێمانی بڕیوە.
وتەبێژی لیواکەش ڕایدەگەیەنێت ئەو بریارانە مەرامی سیاسیی لە پشتەوە بووە بۆیە جێبەجێیان نەکردووە.
Top